Erbil 31°C چوارشەممە 02 تشرینی یەکەم 13:28

کۆمسیۆن ئەنجامی پاکسازیی تۆماری دەەنگدەران رادەگەیەنێ

ھەر لایەنێک سکاڵای ھەبوو دەتوانێ تانە لەو پڕۆسەیە بدات
کوردستان TV
#7
100%

کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە رۆژانی دابێ ئەنجامی پڕۆسەی پاکسازیی لیستی تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان راده‌گه‌یه‌نێت و ھەر لایەنێک سکاڵای ھەبوو دەتوانێ تانە لەو پڕۆسەیە بدات بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.

دکتۆر جووتیار ئاکرەیی، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: پڕۆسەی پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای راپرسی و ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمەوە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و لە ئایندەیەکی نزیکدا کە لەوانەیە ھەردوو حەفتەی مابێت ئەنجامەکەی ئاشکرای دەکەین، لە کاتی راگەیاندنی پڕۆسەکەدا بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و چاودێرانی کەناڵەکانی میدیا وردەکاریی چۆنییەتیی پاککردنەوەکە دەخەینە ڕوو، پێم وایە بە شێوەیەکی زۆر باش کاری لەسەر کراوە و جێی رەمەزامەندیی ھەمو لایەکیش دەبێت.

یەکێک لەو پرسانەی بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی گلەیی لەسەرە، لیستی تۆماری دەنگدەرانە، کە لە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش بە ھۆی ئەنجامنەدانی سەرژمێریی گشتیی بۆ لیستی دەنگدەران کۆمسیۆن پشت بە فۆڕمی خۆراک و داتای وەزارەتی بازرگانی دەبەستێت.

ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران گوتی: "پڕۆسەی پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران ھەموو ئەو ناوانەی دوبارە و مردوو و وەھمی دەگرێتەوە، بەڵام تا ناگەینە قۆناغی کۆتایی ئەنجامەکەی، واتە ژمارەی ئەو ناوانەی لادەبرێن نازانین دەگاتە چەند ناو، ماوەیەکیش بۆ سکاڵای لایەنە سیاسییەکان دیاری دەکەین، دوای ئەنجامی پاکسازی ھەر لایەنێک سکاڵای ھەبێـت، دەتوانین پێداچوونەوەی بۆ بکەین و لەبەرچاو دەگیرێت."

لەبارەی چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستانیش، دکتۆر جووتیار ئاکرەیی دەڵێت: "ھەر کاتێک وادەیەک دیاری کرا ئەوا بە پێی سیستەم و شێوازی پێشوو ھەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت، چونکە یاسای ھەڵبژاردنەکان ھەموار نەکراوەتەوە و ھیچ گۆڕانکارییەک بەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەدا نایەت.

لە ھەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێم بە ھۆی لیستی کراوە، دەنگدەر راستەوخۆ دەنگی بۆ کاندیدی لیستەکان دەدا، ئەوەش وای کردبوو دەنگدەر زیاتر ئازاد بێت لە دیاریکردنی ئەو کاندیدەی دەیەوێ دەنگی بۆ بدات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.