Erbil 15°C شەممە 18 کانوونی دووەم 14:02

24 ملیۆن هاووڵاتی عێراقی مافی دەنگدانی هەیە

205 قەوارەی سیاسی تۆماركراون
کوردستان TV
#10
100%


سەرچاوەیەكی بەرپرس لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عێراق رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنەكانی مانگی ئایاری داهاتوودا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، 205 قەوارەی سیاسی تۆماركراون و 24 ملیۆن هاووڵاتیش مافی دەنگدانیان هەیە.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عێراق سەرقاڵی دواین ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكانە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی كۆمسیاران و بەڕێوەبەرانی گشتی كۆمسیۆن، خولێكی كاركردنی دوو رۆژەی سەبارەت بەدواین ئامادەكارییەكان و پلان و خشتە كاتییەكان و گفتوگۆكردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەو كێشانە كردەوە كە رووبەڕووی نووسینگەكانی هەڵبژاردن دەبنەوە لە عێراقدا.

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عێراق، رزگار حەمە محێدین لە بارەی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: وەك كۆمسیۆن ئامادەكارییەكانمان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق دەستپێكردووە و ئەمڕۆ دوا وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتییەكانە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، تا ئێستا 205 قەوارەی سیاسی ناوی خۆی تۆماركردووە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن.

ئەو گوتی: لە رووی هونەری و كارگێڕییەوە هەموو ئامادەكارییەكانمان كردووە و هەڵبژاردنەكە لە رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەڕێوە دەچێت، یەكەمین جارە بۆ هەڵبژاردنەكان ئامێری ئەلیكترۆنی بۆ دەنگدانەكان بەكار دەهێنین كە هەڵبژاردنێكی ئەلیكترۆنی دەبێت و دەنگدەر دەتوانێت دڵنیا بێت لەوەی دەنگەكەی دەستكاری ناكرێت، بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دەبێت.

بەرپرسەكەی كۆمیسیۆن ئاماژەی كرد بەوەی کە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، 24 ملیۆن دەنگدەر لە عێراقدا مافی بەشداریكردنی دەنگدانی هەیە، لەو ژمارەیەش نزیكەی سێ‌ ملیۆن و 700 كەسیان یەكەمجارە بەشداری دەنگدان دەكەن.

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عێراق باسی لەوەش كرد، ئامادەكاری تەواویان كردووە بۆ ئەوەی پڕۆسەكە لە تەواوی ناوچە جیاجیاكانی عێراقدا بەڕێوە بچێت، بۆ ئاوارەكانیش كە لە هەرێمی كوردستانن ناوەندی دەنگدان و رێوشوێنی تایبەتیان بۆ دابین دەكەن تا مافی دەنگدانیان لەدەست نەچێت.

لە لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییە جەماوەرییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عێراق، شاڵاو دۆسكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەیەكی زۆرە كۆمسیۆن سەرقاڵی ئامادەكارییەكانە و دەتوانین لە ماوەی دیاری كراوی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەین، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەش گۆڕانكاری زۆر كراوە لە گۆڕینی سندوقی دەنگدان بۆ سندوقی ئەلیكترۆنی و هەژماركردنی دەنگەكان لەو سندوقە خۆیدا دەبێت، هەروەها دەركەوتنی ئەنجامی دەنگەكان لە ماوەیەكی كەمدا ئاشكرا دەكرێن لە هەمان رۆژی هەڵبژاردندا".

ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە دوایین وادەی تۆماركردنی لیست و هاوپەیمانێتییەكانە بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق، تا ئێستا 31 هاوپەیمانێتی تۆمار كراوە و 205 قەوارەش مۆڵەتی بەشداری كردنیان پێدراوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 12ی ئایاری 2018ی وەك وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لەو رۆژەدا دەستنیشانكردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە وەك جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی پێكرد، تا ئێستا چاوەڕوانی هەمواركردنەوەی هەردوو یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكەن كە رەوانەی پەرلەمانی عێراق كراوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو یاسایانە و پەسەندكردنیان.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.