Erbil 30°C ھەینی 04 تشرینی یەکەم 14:36

قایمقامی خورماتوو لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە

كەسێك كه‌ سەر بە رێكخراوی بەدرە بۆ پۆستی قائیمقام دیاركراوە
کوردستان TV
#7
100%


ئەمرۆ ئەنجوومەنی قەزای دوزخورماتوو، لەکۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی ئەندامە تورکمان و عەرەبەکان، قایمقامی قەزاکەیان لەپۆستەکەی دوورخستەوە و بەوتەی سەرچاوەیەک تورکمانێک دەبێتە قایمقام، شەلال عەبدول رایگه‌یاند رەوشی  نێو خورماتوو لە رۆژانی پێشووی خراپترە.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئەنجوومەنی قەزای دوزخورماتوو راگەیاند، ئەنجوومەنی قەزای دوزخورماتوو کۆبوونەتەوە لە کۆبوونەوەکەدا بە کۆی 12 دەنگ کە حەوت ئەندامیان تورکمان و 5 ئەندامیشیان لە نەتەوەی عەرەبن، شەلال عەبدول، قایمقامی دوزخورماتوویان لەپۆستەکەی دوورخستەوە.

وتیشی، پێشتر ئەنجوومەنەکە چەند جارێک ھەوڵی لابردنی قایمقامی دوزخورماتوویدا کە لە پشکی کوردە، بەڵام لەبەر نەبوونی رێژەی دەنگی یاسایی نەتوانرا ئەوکارە بکرێت، لە ئێستاشدا بە شێوەیەکی نایاسایی ئەنجامدراوە چونکە دەبێت شەلال عەبدول، ئاگاداربکرێتەوە و ئامادەبێت، بەڵام ناوبراو ئاگادارنەکراوەتەوە.

ئاشكرای كرد: كەسێك بەناوی دكتۆر حەسەن، كە سەر بە رێكخراوی بەدرە بۆ شوێنی شەلال عەبدول دیاركراوە.

لای خۆشیه‌وه‌ شەلال عەبدول لەبارەی رەوشی خورماتووەوە گوتی: رەوشی  نێو خورماتوو لە رۆژانی پێشووی خراپترە و، تا ئێستایش خاپوورکردنی خانووی کورد بەردەوامە و پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی و خەڵکی خراپەکار، کۆتایی نەھاتووە.

شەلال عەبدول هاوکات ئاماژە ی دا فەوجێک کە لە بەغداوە هێندراوە لە نزیک خورماتوو جێگیر کراوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ ھێزێک نەھاتووتە نێو شارەکەوە؛ ئەوەی ھەیە بڕیارە ھێزێکی تایبەت لە بەغداوە بچێتە خورماتوو بۆ بەرگرتن بە جینۆسایدکردنی کورد، من خۆم پێموایە رەوشی خورماتوو بە ھیچ ھێزێکی ناوخۆ چارەسەر ناکرێت، تەنیا چارەسەر ئەوەی ھێزێکی بیانی ھاوپەیمان بۆ گێڕانەوەی ئاسایش لە شارە جێگیر بکرێن.

شەلال عەبدل قایمقامی دوزخورماتوو لەسەر پشکی کورد لە ساڵی 2009ەوە قایمقامی دوزخورماتووە و تا 16ی ئۆکتۆبەری  2017بە فەرمی لەو پۆستەدا بووە و دوای ئاوارەبوونی ھاوڵاتیانی کوردی سنوورەکە، لە لایەن حکومەتی خۆجێی سەلاحەدینەوە تورکمانێک بە وەکالەت لە شوێنەکەی دانراو ئەمرۆش بە فەرمی لە پۆستەکەی دورخرایەوە.

سکرتێری ئەنجومەی قەزای خورماتوو ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ ئەنجومەنی قەزای خورماتوو بەبێ ئامادەبوونی ئەندامە کوردەکان و بە بڕیارێک کە ”لەژێر فشاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدا بووە“، شەلال عەبدول، قایمقامی ئەو خورماتوویان لە پۆستەکەی دوور خستەوە.


ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن و هاوكارى لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکارى لایه‌نێكى كوردى، پەلاماری شارۆچكه‌ی خورماتوویاندا دەستیان بە سەر ئه‌و ناوچانه‌دا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کردو نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى چه‌ندین دوكان و خانووى هاووڵاتیانى كوردیان له‌و ناوچانه‌ سووتاند.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.