بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆ و ژمارەی قوربانیەکانی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە عەقید ئەسعەد كەریم، بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئامارەكانی هاتوچۆی بۆ ساڵی 2017 بڵاوكردەوە و رایگەیاند، "لەساڵی 2017دا چوار هەزار و 410 رووداوی هاتوچۆ رویانداوە، تیایدا حەوت هەزار و 249 برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، 689 كەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام، رووداو و قوربانییەكان بەراورد بە ساڵی 2016 كەمیكردووە، هۆكاری سەرەكی رووداوەكانیش خێرایی لێخوڕین بووە، بەجۆرێك لە 60% رووداوەكان بەهۆی خێراییەوە بووە ،گوتیشی سەرپێچیەكان زیادیكردووە لەو ساڵەدا یەك ملیۆن و 498 هەزار و 155 سەرپێچی تۆماركراوە و 179 هەزار و928 سەرپێچی بەراورد بە ساڵی 2016 زیادیكردووە.
هەروەها سەبارەت بە داهاتی هاتوچۆ گوتی داهاتەكانیان لە ساڵی2017 گەیشتووەتە نزیكەی 270 ملیار دینار، 78 هەزار و 775 ئۆتۆمبێل تۆماركراون، بەوەش كۆی ئۆتۆمبیلی تۆماركراو جگە لە ئۆتۆمبێلی سەربازی یەك ملیۆن و 469 هەزارو887 ئۆتۆمبیل.
ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی رابردوو 69 هەزار و 97 مۆڵەت دراوە كە 12 هەزار و 482 یان بە ئافرەتان دراوە ، بەمەش كۆی گشتی مۆڵەت لە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 647 هەزار و 283 مۆڵەت بە شوفێران دراوە .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.