Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 02:33

چاودێران: عەبادی جارێکی تر چانسی سەرۆک وەزیرانی نابێت

چاودێران: عەبادی دەیەوێ کورد بە یەکجاری لاواز بکات
کوردستان TV
#10
100%

ئەگەرچی ھەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی پێشان داوە بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان، بەڵام ھێشتا بەغدا ئامادە نییە دەست بەو دانوستانانە بکرێت، چاودێرانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەگەر عەبادی لەسەر پەراوێزخستنی کورد بەردەوام بێت، زەحمەتە چانسی ھەبێت جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆک وەزیری عێراق.
 
سامان شاڵی، کەسایەتیی ئەکادیمی و سیاسی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی" عەبادی لەسەر غرووری خۆی بەردەوامە و دەیەوێ کورد بە یەکجاری لاواز بکات، ھەرێمی کوردستان تێک بدات و ناچاری بکات بچێتە دانوستان و بە مەرجەکانی خۆی ڕازی بکات، بەڵام نابێت ئەوەش لەبیر بکەین، ڕکابەرەکانی عەبادی بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو زۆر بەھێزن و ئەگەر بێت و سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق لەسەر پەراوێزخستنی کورد بەردەوام بێت، زەحمەتە بۆ خولێکی دیکە ببێتەوە سەرۆکوەزیری عێراق.
 
ھەندرێن ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند" ھەرێمی کوردستان بەرامبەر بەغدا ھەموو ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە، ئەوەی نایەوێ ڕێککەوتن بکرێت، حکوومەتی عێراقە، چونکە ڕۆژێ دوو جار ھەرێمی کوردستان ئامادەییی خۆی بۆ دەستپێکردنی دانوستان دووپات دەکاتەوە، مخابن ئەوە بەغدایە نەدەتوانێ دەستوور جێبەجێ بکات و نەدەشتوانێ شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێرێ، پێم وایە بەغدا لە غروورێکدا سیاسەت دەکات و دەیەوێ کیانی سیاسی و یاساییی ھەرێمی کوردستان نەھێڵن، ئەگەر بۆیان بچێتە سەرێ، تا عێراق ئەو عەقڵیەتەی مابێت، نایەتە ژێر باری ئەو پرسانەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیەتی بۆ چارەسەرکردن."
 
سامان شاڵی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "فشارێکی زۆری نێودەوڵەتی لەسەر عێراق و عەبادیە لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە تا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بگاتە ڕێککەوتن، چونکە ھەموو لایەک باش ئەوە دەزانێت پێویستیان بە کوردە، تەنھا مەسەلە کوردیش نیە، عەرەبی سوننەش نابێت بەو شێوەیە لەگەڵ کورد پەراوێز بخرێت، باشترین چارەسەریش بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان جێبەجێکردنی دەستوورە.
 
ھەندرێن ئەحمەد گوتی: "بەشێکی دیکەی چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، وابەستەیە بە سیاسەتی ناوچەکەوە، نەخاسمە کاریگەری و ھه‌ژمۆنی ئێران لەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق، چونکە دەسەڵاتدارانی عێراق دەخوازن وڵاتەکە ببێتە دەوڵەتێکی مەرکەزی و ھیچ شتێک بە ناوی ھەرێمی کوردستانەوە نەمێنێ."

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.