Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 23:14

فەلاح مستەفا: بەھێزبوونی ھەرێمی کوردستان دەبێتە ھۆی سەقامگیری لە ھەموو عێراق

فەلاح مستەفا: کۆنفیدڕالی باشترین بژاردەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا
کوردستان TV
100%


فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وتارێکدا، کە لە ماڵپەڕی (زە ھێڵ)ی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، گەلی کوردستان ناسنامە و رۆشنبیریی تایبەت بەخۆی ھەیە، بۆیە دوای شکستھێنانی پەیوەندیی ھەولێر و بەغدا، ھەرێمی کوردستان ھەوڵی دا بەدیلی دیکە بدۆزێتەوە.

فەلاح مستەفا ھەروەھا رایگەیاندووە، دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، کورد گەڕایەوە بەغدا بۆ بەشداریکردن لە ھاوبەشییەکی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە و دابەشکردنی دەسەڵات و سامان بە دادپەروەردی بەسەر گەلی عێراق و کوردستان.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە چەسپاندنی فیدڕالییەت لە عێراق، گەشەی کرد و پەیوەندیی باشی لەگەڵ وڵاتانی جیھان دروست کرد، بەڵام ”بەھۆی سیاسەتی تائیفیی بەغدا، بەشەکانی دیکەی عێراق نەیانتوانی ھەرێم دروست بکەن و گەشە بکەن“.

فەلاح مستەفا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە کورد و عەرەبی شیعە باشترە بیر لە داڕشتنەوەی سیستەمی پەیوەندییەکانیان بکەنەوە و کۆنفیدڕالی باشترین بژاردەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.

فەلاح مستەفا راشیگەیاندووە، ئەگەر حکوومەتی عێراق دەیەوێ ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق بمێنێتەوە، ئەوا دەبێ سیاسەتی ئێستای بگۆڕێت، چونکە بێ بەشکردنمان لە مافەکانمان بەردەوام نابێت.

ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا رایگەیاندووە، کە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر گەلی کوردستان، داخستنی فڕۆکەخانەکان و ھەوڵدان بۆ گۆشەگیرکردنی کوردستان لە ئاستە نێودەوڵەتییەکان، زیانێکی زۆری بە گەلی کوردستان و زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 ھەزار  ئاوارەی عەرەب لە کوردستان، گەیاندووە.

فەلاح مستەفا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، کە ھاوکاریی عێراق نەکەن لەسەر حیسابی کوردستان و رایگەیاندووە، بەھێزبوونی ھەرێمی کوردستان دەبێتە ھۆی سەقامگیری و بەرقەراربوونی ئاشتی لە ھەموو عێراق.

فەلاح مستەفا ھۆشداریی داوە لەوەی ئەگەر ئەو بارودۆخەی ئێستای عێراق بەردەوام بێت و مافەکانی گەلی کوردستان و پێکھاتەکانی دیکە نەدرێت، ئەوا بارودۆخی عێراق بەردەوام ناسەقامگیر دەبێت و لە رووخان نزیک دەبێتەوە، کە لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەکدا نییە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.