Erbil 19°C یەکشەممە 06 تشرینی یەکەم 07:34

حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان وەڵامی یۆنامی دەداتەوە

یۆنامی راپۆرتێكی لەبارەی رەوشی خورماتوو بڵاوكردبۆوه‌وه‌
کوردستان TV
100%


ئۆفیسی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی راپۆرتەكەی نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی) دەداتەوە كە لەسەر رەوشی خورماتوو ئامادەیان كردبوو.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیێندراوێكدا لەڕێگەی نووسینگەی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، پێشوازی لە راپۆرتەكەی نوویسنگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) دەكات، كە لەبارەی رەوشی خورماتوو بڵاویكردووەتەوە و دەشڵێ: راپۆرتەكەی یۆنامی پێویستی بە وردەكاری زیاتر بوو.

لە بەشێكی راگەیێندراوەكەی نووسینگەی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا ئاماژە بەوە کراوە، لەگەڵ ئەوەی 56% ی دانیشتووانی قەزای خورماتوو كوردن، بەڵام كەمینەیەكی توركمان و شیعە هەوڵدەدەن دیموگرافیای ناوچەكە لەڕێگەی هێزەوە بگۆڕن، بەو جۆرەی كە رێگە لە گەڕانەوەی ئاوارەكان دەگرن بۆ ناوچەكانیان.

لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە: بۆیە رای گشتی ئاگاداردەكەینەوە كە كەمینەیەكی باڵادەست دەیانەوێت بە پاڵپشتی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دیمۆگرافیای ناوچەكە بگۆڕن و شارەكە لەڕێی ترس و تۆقاندنەوە چۆڵ بكەن لە دانیشتووانە كوردەكەی و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سنوورێك بۆ ئەم پێشێلكارییانە دابنێت.

نووسینگەی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بەپێویستی دەزانێت لێكۆڵینەوەی ورد لە رووداوەكانی خورماتوو بكرێت و ژمارەی زیانەكان ‌و ئاوارەكان بەدروستی بڵاوبكرێتەوە.

لە راگەیێندراوەكەدا بەمجۆرە ئاماژە بە زیانەکان کراوە: خورماتوو زیانێكی زۆری بەركەوتووە و زیاتر لە31 هەزار خێزان كە دەكاتە 100هەزار كەس ئاوارەن، زیاتر لە 150 خانوو تێكدراون، لەنێویاندا 12 بارەگای حیزب و 6 بارەگای دەزگاكانی راگەیاندن سوتێندراون، رۆژنامەنووسێكی كەناڵی ئاسمانیی كوردستان تیڤی لەلایەن میلیشیاكانەوە بە دڕندەترین شێوە لەپێش چاوی خانەوادەكەی شەهیدكراوە و لاشەكەشی شێوێندراوە، هەروەها 19 كارگە و چێشتخانەی هاونیشتمانیان و بە سەتان مۆڵ و دووكان تاڵانكراون و سووتێندراون، بەشێوەیەكی گشتی ئەو زیانانەی بەر شارەکە كەوتوون بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێن".

نووسینگەی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ژمارەی ئەو كەسانەی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە كەركووك و خانەقین و زوممار و رەبیعە ‌و خورماتوو ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، بە زیاتر لە 168 هەزار ‌و 721 کەسی خەمڵاندوون، لەوانە 80 هەزار ‌و 111 كەسیان روویان لە هەولێر كردووە، 28 هەزار ‌و 721 كەسیان چوونەتە شاری سلێمانی ‌و هاوكات 6 هەزار‌ و 111 كەسی دیكەشیان روویان كردووەتە شارەكانی دهۆك و زاخۆ.

لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە هەواڵی نادروست و نایاسایی سەبارەت بە كوردانی ئەم ناوچانە لەلایەن سەركردەی میلیشیاكانی شیعە بۆ لەكەداركردنی ناوبانگی كورد بڵاوكراونەتەوە.

راپۆرتەكەی یۆنامی لەسەر خورماتوو لەكاتێكدا ئامادە كرا كە رەوشی شارۆچكەكە بەتەواوی لەڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسی تێكچووبوو، كە لەلایەن میلیشیا توركمانەكان زانیاری هەڵە دراوەتە شاندەكەی یۆنامی.

شایه‌نی باسه‌ لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017  سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەوهۆیەەوە دەیان هەزار کەس ئاوارەبوون ‌و سه‌دان ماڵی كوردیش دوای سووتاندیان تەقێندرانەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.