Erbil 2°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 03:38

په‌یکه‌رى ئازادى سیمبولى به‌ناوبانگ و مێژووى ئه‌مریکا

یه‌كێكه‌ له‌ سیمبوله‌ به‌ناوبانگ و مێژوویه‌كانى ئه‌مریكا و هه‌موو جیهان
په‌یكه‌رى ئازادى سیمبولى به‌ناوبانگ و مێژووى ئه‌مریكا
کوردستان TV
100%

په‌یكه‌رى ئازادى ده‌كه‌وێته‌ دوورگه‌ى (ئازادى) له‌ به‌نده‌رى نیوێورك و له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كه كه‌ به‌ مس ڕوپۆش كراوه‌، یه‌كێكه‌ له‌ سیمبوله‌ به‌ناوبانگ و مێژوویه‌كانى ئه‌مریكا و هه‌موو جیهان.

ئه‌م په‌یكه‌ره‌ له‌ فه‌ڕه‌نسا دروستكرا له‌ ساڵى 1884 زاینى ته‌واو بوو، وه‌ك دروشمى ئاشتى و دۆستایه‌تى نێوان ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا دواتر پێشكه‌شى ئه‌مریكا كراوه‌.

فردریك ئوگوست بارتۆڵدى په‌یكه‌رساز و ئه‌لیكسانده‌ر گوستاڤ ئیڤڵى ئه‌ندازیار كه‌ هه‌ردووكیان فه‌ره‌نسی بوون پێشنیارى چۆنیه‌تى دروستكردنى ئه‌م په‌یكه‌ره‌ میژووییه‌یان كردووه‌ و ئه‌لیكسانده‌ر ئیڤڵ ئه‌ندازیارى دروستكه‌رى بورجى ئیڤڵى فه‌ڕه‌نسایشه‌. په‌یكه‌رى ئازادى به‌ ته‌نها خه‌رجیه‌كه‌ى 250.000 دۆلارى تێچووه‌ له‌سه‌ر حكومه‌تى فه‌ره‌نسا، ئه‌مڕۆ مه‌زه‌نده‌ ده‌كریت زیاتر له‌ 5.5 ملیۆن دۆلارى تێبچێت. 

تێچوونى په‌یكه‌ره‌كه‌ وه‌ك رێكه‌وتنى نێوان فه‌ره‌نسا و ئه‌مریكا به‌ شێوه‌یه‌ك بوو فه‌ره‌نسییه‌كان نه‌خشه‌سازى په‌یكه‌ره‌كه‌ و ئه‌مریكییه‌كانیش نه‌خشه‌سازى بناغه‌كه‌ى بگرنه‌ ئه‌ستۆ. 

ویلیام ئیفارتز سیناتور و عمده‌ى نیویۆرك هه‌ڵمه‌تێكى راگه‌یاند بۆ دابینكردنى پاره‌ و دارایى له‌ ڕێى شانۆگه‌رى و پێشانگا هونه‌رییه‌كانه‌وه‌، به‌ده‌ر له‌ هه‌ڵمه‌تى له‌ ڕێى رۆژنامه‌ى جیهانه‌وه‌ كرا. 

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ فه‌ره‌نسا پاره‌ و داراییه‌كه‌ى له‌ ڕێى ئامرازه‌كانى یانه‌سیبه‌كانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك توانیان پاره‌ى تێچووى نه‌خشه‌سازى و باركردنى دابین بكه‌ن. 

په‌یكه‌رى ئازادى ئاماژه‌یه‌ بۆ دیموكراسى یان بیرى لیبڕاڵى ئازاد، په‌یكه‌ره‌كه‌ هێمایه‌ بۆ ژنێكى به‌هێز كه‌ ئازاد بووه‌ له‌ كۆت و به‌ندى سته‌مكارى كه‌ خرایه‌ قاچه‌كانییه‌وه‌ هه‌ر له‌به‌ر ئوه‌ش قاچه‌كانى به‌ روونى دیار نیه‌. 

فریدریك ئوگوست بارتۆڵدى كه‌ هونه‌رمه‌ندى دروستكه‌رى په‌یكه‌ره‌كه‌یه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دوو كه‌سى ئازیز له‌ ژیانیدا، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌موچاوى په‌یكه‌ره‌كه‌ى له‌ شێوه‌ى دایكى (شارڵوت بیزه‌ر بارتۆڵدى) و جه‌سته‌شى هاوشێوه‌ى جه‌سته‌ى خۆشه‌ویسته‌كه‌ى هه‌ڵبژاردووه‌.

په‌یكه‌رى ئازادى شێوه‌یه‌كى به‌رجه‌سته‌یى له‌خۆ گرتووه‌، وێنه‌ى ژنێكه‌ هاوشێوه‌ى خوداوه‌ندى رۆمانیكانه‌ و حه‌وت تیشكى ڕووناكى چوارده‌وره‌ى سه‌رى داوه‌ كه‌ هێمایه‌ بۆ حه‌وت كیشوه‌ره‌كه‌ یان حه‌وت ئۆقیانوسه‌كه‌ى له‌ جیهاندا هه‌یه‌ و به‌ ده‌سته‌ چه‌پى تابلۆیه‌كى به‌ردینى و په‌رتوكێكى هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ له‌سه‌رى نه‌قشێنراوه‌ به‌ نووسینى رۆمانى نوسراوه‌ ( 4/6/1776 ) كه‌ رۆژى سه‌ربه‌خۆیى ئه‌مریكایه‌.

له‌ ده‌ستى راستى مه‌شخه‌ڵێكى دره‌وشاوه‌ى هه‌ڵگرتووه‌ وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ئازادى پته‌وى و له‌ ساڵى 1984 مه‌شخه‌ڵى دره‌وشاوه‌ى په‌یكه‌رى ئازادى نوێ كرایه‌وه‌ به‌ مس به‌ گه‌ڵاى زێڕى عه‌یار 24 داپۆشرا. 

هه‌روه‌ها له‌ كاتى دروستكردنى په‌یكه‌ره‌كه‌ 300 چه‌كووشى جیاواز و جۆراوجۆرى تیدا به‌كار هێنراوه‌ به‌ مه‌به‌ستى كوتێنى مسى په‌كه‌ره‌كه‌.

په‌یكه‌رى ئازادى به‌ به‌رزى 93 مه‌تر و كێشى 204 تونه‌  له‌ سه‌ر رووبه‌ره‌ى  49000 مه‌تر چوارگوشه‌ هه‌روه‌ها 25 په‌نجه‌ره‌ له‌ تاجى سه‌ر په‌یكه‌ره‌كه‌ دروستكراوه‌ و گه‌شتیاران بۆ سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به‌ تاجى سه‌رى په‌یكه‌ره‌كه‌ ده‌بێت به‌سه‌ر 354 پایه‌ سه‌ركه‌ون، له‌ ماوه‌یه‌كى زوودا دواى ته‌واو بونى په‌یكه‌ره‌كه‌ به‌سه‌ر كه‌ناره‌كانى نیویۆركه‌وه‌ له‌سه‌ر گه‌شتى فه‌ره‌نسى گوازرایه‌وه‌ بۆ ئه‌مریكا له‌ 17 یونیوى ساڵى 1885 ى زاینى كه‌ له‌ 214 سندوقدا هه‌لگیرابوو و له‌  350 پارچه‌ى هه‌ڵوه‌شاوه‌ پێكهاتبوو. 

شوێنى په‌یكه‌رى ئازادى ده‌كه‌وێته‌ نێوان سێ شارى گرنگه‌وه‌ و سه‌ردانیكه‌ر ده‌توانێت سه‌ردانى دوورگه‌كه‌ بكات بۆ بینینى په‌یكه‌ره‌كه‌، سه‌رۆكى ئه‌مریكا جروفر كلیفلاند ئاهه‌نگیكى گه‌وره‌ى سازكرد بۆ كردنه‌وه‌ى، دواتر هاوشێوه‌ى په‌یكه‌رى ئازادى له‌ زۆرێك وڵاتان وه‌ك فه‌ڕه‌نسا، نه‌مسا، ئه‌ڵمانیا، ڤێتنام، چین، ژاپون و ئیتالیا دروست كرا. 

ساڵانه‌ خه‌ڵكانێكى زۆر له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ى ئه‌مریكا سه‌ردانى په‌یكه‌رى ئازادى ده‌كه‌ن و به‌پێى ئاماره‌كانى ساڵى 2004 به‌ 3 ملیۆن سه‌ردانیكه‌ر مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت و له‌ ساڵى 2016 نزیكه‌ى 4.5 ملێون گه‌شتیار سه‌ردانى كردووه‌ ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ هه‌مان ساڵدا به‌پێى ئه‌و ئاماره‌ چاوى له‌ندن 3.75 ملیۆن گه‌شتیارى به‌خۆوه‌ بینى و هه‌روه‌ها ساڵانه‌ نزیكه‌ى 7 ملیۆن گه‌شتیار سه‌ردانى برجى ئیڤڵ ده‌كه‌ن.

بۆیه‌ ئه‌و په‌یكه‌ره‌ به‌ یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین نیشانه‌كانى شارستانى داده‌نرێت و له‌گشت ناوچه‌كانى جیهاندا بۆته‌ وێستگه‌ى گه‌شتیاران به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ركه‌س بڕواته‌ ئه‌مریكا تامه‌زرۆى بینین و سه‌ردانى په‌یكه‌رى ئازادى ده‌كات. 

1- په‌یكه‌رى ئازادى سیمبولى به‌ناوبانگ و مێژووى ئه‌مریكا 

 

مه‌شخه‌ڵى دره‌وشاوه‌ى په‌یكه‌رى ئازادى به‌ گه‌ڵاى زێڕى عه‌یار 24 داپۆشراوه‌ 

 

( 4/6/1776 ) رۆژى سه‌ربه‌خۆیى ئه‌مریكا كه‌ به‌ نووسینى رۆمانى نوسراوه‌ 

 

په‌نجه‌ره‌كان كه‌ له‌ تاجى سه‌ر په‌یكه‌ره‌كه‌ دروستكراوه‌ 

 

په‌یكه‌ره‌كه‌ى له‌ شێوه‌ى دایكى فردریك بارتۆڵدى په‌یكه‌رساز (شارڵوت بیزه‌ر بارتۆڵدى) دروستكراوه‌

 

په‌یه‌كه‌رى ئازادى ئاماژه‌یه‌ بۆ دیموكراسى یان بیرى لیبڕاڵى ئازاد 

 

قاچه‌كانى به‌ روونى دیار نیه‌ له‌به‌ر كۆت و به‌ندى سته‌مكارى 

 

كرێكاران له‌ كاتى دروستكردنى په‌یكه‌رى ئازادى له‌ فه‌ره‌نسا 

 

سه‌رى په‌یكه‌رى ئازادى له‌ كاتى كاركردن 

 

وێنه‌ى په‌یكه‌رى ئازادى ده‌كه‌وێته‌ دوورگه‌ى (ئازادى) له‌ به‌نده‌رى نیوێورك له‌ ئاسمانه‌وه‌ گیراوه‌ 

 

گه‌شتیاران له‌ كاتى سه‌ردانى په‌یكه‌رى ئازادى له‌ ئه‌مریكا 

 

ئه‌لیكسانده‌ر گوستاڤ ئیڤڵى ئه‌ندازیار

 

په‌یكه‌رساز فردریك ئوگوست بارتۆڵدى

 

 

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان / سیروان عه‌زیز 

شێوه‌کاری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.