Erbil 31°C ھەینی 11 ئەیلوول 20:42

پەیامی سەرۆك بارزانی لە ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول

100%

سەرۆك بارزانی لە یادی 65 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، ئەمڕۆ هەینی پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا رایگەیاند كە شۆڕشی ئەیلوول هەڵقوڵاوی ئیرادە، باوەڕبەخۆبوون و شکۆی مرۆڤی کوردستانی بوو؛ بناغەیەکی پتەو و ڕێکخراو بوو بۆ بەردەوامیی تێکۆشان و وەستانەوەی گەلی کوردستان لە بەرامبەر زۆرداریدا.

سەرۆك بارزانی هەروەها لە پەیامەكەدا رایدەگەیەنێت: شۆڕشی ئەیلوول لەژێر ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمردا، بووە سەرچاوەی هێز و ئیلهامبەخش بۆ قۆناغەکانی دواتری خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان و خەباتگێڕانی کورد لە تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستاندا.

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی 65 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول:-

ئەمڕۆ شەست و پێنج ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا تێدەپەڕێت؛ شۆڕشێکی سەرتاسەری کە تێیدا پێشمەرگە، سیاسی، ڕێکخستنەکان، زانایانی ئایینی، مامۆستایان، ئەدیبان، ڕۆشنبیران، گەنجان، ئافرەتان و سەرجەم چینوتوێژەکانی کۆمەڵگە بەشدارییان لە خەباتی نەتەوەیی و دیمۆکراسیخوازیی گەلەکەیاندا کرد.

شۆڕشی ئەیلوول هەڵقوڵاوی ئیرادە، باوەڕبەخۆبوون و شکۆی مرۆڤی کوردستانی بوو؛ بناغەیەکی پتەو و ڕێکخراو بوو بۆ بەردەوامیی تێکۆشان و وەستانەوەی گەلی کوردستان لە بەرامبەر زۆرداریدا. ئەم شۆڕشە مەزنە، بە بەها بەرزەکانی و بە پێداگری و خۆڕاگریی بێوێنەی سەرکردایەتی، پێشمەرگە و جەماوەر، دۆزی ڕەوای گەلەکەمانی بە هەنگاوی گەورە بەرەو پێشەوە برد. شۆڕشی ئەیلوول لەژێر ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمردا، بووە سەرچاوەی هێز و ئیلهامبەخش بۆ قۆناغەکانی دواتری خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان و خەباتگێڕانی کورد لە تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستاندا.

لە شەست و پێنجەمین ساڵیادی ئەم شۆڕشە شکۆدارەدا، پێزانینی خۆم بۆ ڕۆڵی مێژوویی تەواوی ئەو پێشمەرگە و خەباتکارە قارەمانانە دووپات دەکەمەوە کە بەشدارییان لە تۆمارکردنی ئەم سەروەرییە نیشتمانییەدا کردووە؛ چ ئەو شەهیدە نەمرانەی لە شۆڕشی ئەیلوولدا گیانی خۆیان بە خاکی نیشتمان بەخشی و ئەوانەی لە ژیاندا نەماون، چ ئەو ڕۆڵە سەربەرزانەی کە تا ئێستاش وەک شایەتحاڵی زیندووی مێژوو لە ژیاندا ماون. ئەو قارەمانانە هەوێنی دروستکردنی سەروەری بوون بۆ گەلەکەیان و جێگەی شانازین.

مسعود بارزانی

11ی ئەیلوولی 2026

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.