Erbil 31°C ھەینی 11 ئەیلوول 12:23

ترەمپ دانی پێدادەنێت: شەڕی ئێران زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەكرا درێژەی كێشا

100%

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی و ئەمریکا دانی بەوە دانا کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی وڵاتەکەی دژ بە ئێران زیاتر لەوەی چاوەڕوانی دەکرد، درێژەی کێشاوە.

ترەمپ لە میانی بەشداریكردنی لە کۆنگرەی نیشتمانیی حزبی کۆمارییەکان لە شاری دالاس لە ویلایەتی تەکساس، کە پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت، ڕایگەیاند: ئێمە بەهێزترین سوپامان لە جیهاندا بونیاد ناوە، ناچار بووین سوپاکەمان بۆ ماوەیەکی درێژتر لەوەی چاوەڕوانم دەکرد بەکاربهێنین، بەڵام ناتوانین ڕێگە بدەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی.

سەرۆکی ئەمریکا دیسانەوە بانگەشەی ئەوەی کردەوە کە وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵی گەرووی هورموزی کردووە و گوتی: ئێمە کۆنتڕۆڵی گەرووەکە دەکەین، من بەم گەرووە دەڵێم گەرووی ترەمپ.

گەرووی هورموز بە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت کە کەنداو بە دەریای عومان و ئۆقیانووسی هیندییەوە دەبەستێتەوە و لە بارودۆخی ئاساییدا نزیکەی %20ی ناردنی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بەڵام لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ، بەهۆی زیادبوونی مەترسییە سەربازییەکان و هەڕەشەی بەئامانجگرتنی کەشتییەکان، جوولەی دەریاوانی تێیدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

ئەمریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام هەوڵی داوە واقيعێکی نوێی سەربازی و ئەمنی لە گەرووەکەدا بسەپێنێت، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی جوولەی کەشتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ پەکخستنی دەریاوانی.

لە بەرامبەریشدا، تاران تا ئێستاش ڕەتی دەکاتەوە دان بە کۆنتڕۆڵی ئەمریکا بنێت بەسەر گەرووەکەدا، بەمەش ئەم ڕێڕەوە ئاوییە بووەتە یەکێک لە دیارترین گۆڕەپانەکانی ململانێی نێوان هەردوو وڵات کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جوولەی بازرگانی، نرخەکانی نەوت و ئاسایشی دەریاوانی لە کەنداو دروستکردووە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.