لقی11ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەیاننامەیهكی لەبارهی پشێوییەکانی دەڤەرەكه بۆ ڕای گشتیی بڵاوكردهوه لە بەرامبەر هەموو کارە ئاژاوەگێڕیی و هێرش و پەلامار و تاڵان و سووتاندنی بارەگا حزبی و حکوومییەکان و قوربانییەکان و هەڤاڵان و کادر و ئەندامانیان لە سنوورەکە، بەرپرسانی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی ئەم سنوورە بە بەرپرسیار دەزانێ و هەموو لایەکیش دڵنیا دەکاتەوە کە هەرگیز پیلانی دوژمنان سەرناکەوێ و گەلەکەمان شکست بەو پیلانەش دێنێت.
دهقی بەیاننامەی لقی11ی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پشێوییەکانی دەڤەرەکە:
ماوەی چەند رۆژێکە بەناوی خۆپیشاندانەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە چەندین دەستی ئاژاوەگێڕی بە پشتیوانی و پیلانی دەرەکی و دوژمنانی کوردستان، کەوتوونەتە پشێوی نانەوەو سووتاندن و تاڵانکردنی بارەگاو دامەزراوە حزبی و حکوومییەکان .
لەسنووری بیتوێن و پشدەریش بە بەرنامە و پیلانی پێشوەختە ئاژاوەو پشێوییەکان گەیشتنە ئەوپەڕی توندوتیژی کە وێڕای هێرش بۆسەر بارەگاحزبی و حکوومییەکانی دیکە، ئێوارەی رێکەوتی 19/12/2017 بارەگای لقی 11ی پارتیمانیان لەشاری رانیە کردە ئامانج و هێرشێکی چەکداریی فراوانیان لەهەموو لایەکەوە بۆماوەی چوار کاتژمێر کردە سەر بارەگای لق، دوای چۆڵکردنی بارەگاکەشمان، تاڵانیان کرد و سووتاندیان، هاوکات هەڕەشەی جیددیان خستە سەر ئەندام و لایەنگران و کادرانی پارتیمان، زۆریش هەوڵیاندا ڕامانکێشنە ناو پیلانەکەیان و بۆ هاتنەدیی ئەو مەرامەشیان هێرشەکەیان بۆسەر بارەگای لقی 11ی پارتیمانیان خستە کاتی شەو، هەربۆیە تەقەیەکی زۆر لەلایەن بەناو خۆپیشاندەرانەوە لەبارەگای لق کرا، ئەمەش بەڵگەی پیلانە پێشوەختەکەیانە.
ڕای گشتیی رانیە ئاگادارن کە پارتی دیموکراتی کوردستان ههمووکات پشت و پەنای جەماوەر بووە لە ناوچەکە و لە گشت خۆشی و ناخۆشییەکانیان بەشدار بووە، بەڵام تەسفیە حیسابی ناوخۆی چەند لایەن و مەرامی گڵاو و چەپەڵانەی ناحەزانی کوردستان ئەو بارودۆخەیان درووستکردووە و ئا لێرەوە غەدری نامەردانە بە ئاراستە ی لقی 11ی پارتی دەستی پێکرد.
کەچی لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە شوێنی دیکەو بارەگای حزبی دیکەوە بە ڕۆژی ڕووناک تەقەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران کرا و چەند کەسێکیان لێ کردنە قوربانی، بەڵام پیلان داڕێژەران هیچ ئاماژەیەکی ئەوتۆیان بەو کارە نەکردووەو دەیانەوێ پەردەپۆشی بکەن.
ئێمە لە بەرامبەر هەموو کارە ئاژاوەگێڕییەکان و هێرش و پەلامار و تاڵان و سووتاندنی بارەگا حزبی و حکوومییەکان و قوربانییەکانی و بە زەرەروزیانی ماددیی بارەگاکانی پارتیشمانەوە و هەر زەرەروزیانێکی گیانی و ماددیی هەڤاڵان و کادرو ئەندامانمان لە سنوورەکە، بەرپرسانی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی ئەم سنوورە بە بەرپرسیار دەزانین و داواش دەکەین هەرچی زووە ئاژاوەگێڕی و توندوتیژییەکان ڕابگیرێن و کۆنتڕۆڵ بکرێن.
ئێمە وێڕای ئیدانەکردنی ئەو پەلامار و کارە توندوتیژی و ناشارستانییانەی بەناوی خۆپیشاندانەوە لەم سنوورە ئەنجام دەدرێن، پێمان وایە پیلانێکی ترسناکی دوژمنانە بۆ لەباربردنی ئەزموونی کوردستان و بەدەست و کرێگرتەی ناوخۆیی بەڕێوەدەچن بەتایبەتی دژی پارتیمان، چونکە پارتی خاوەن پڕۆژەی نەتەوەیی و نیشتمانی و سەربەخۆیی کوردستانە، بەڵام هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هەرگیز پیلانی دوژمنان سەرناکەوێ و گەلەکەمان شکست بەو پیلانەش دێنێت.
لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان
21/12/2017
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.