ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی نوێی بۆ سەپاندنی سزای قورس بەسەر ڕووسیادا پەسند کرد. سزاکان بە شێوەیەکی سەرەکی کەرتی وزە و داهاتە داراییەکانی مۆسکۆ دەکەنە ئامانج، بە مەبەستی پەکخستنی تەمویلی جەنگی ڕووسیا لە ئۆکراینا.
بەپێی پڕۆژەیاساکە، باجی گومرگی بە ڕێژەی 500% دەخرێتە سەر هەر جۆرە هاوردەیەکی نەوت و گازی ڕووسیا بۆ ناو خاکی ئەمریکا. هەروەها یاساکە سزای ئەو وڵاتانەش دەدات کە وزەی ڕووسی دەکڕن؛ بە جۆرێک 100% باجی گومرگی دەخرێتە سەر ئەو 5 وڵاتەی کە گەورەترین کڕیاری نەوت و گازی ڕووسیان، لە نێویاندا چین و هیندستان.
بۆ یەکەمجار، واشنتن بڕیاری داوە "کەشتیگەلی سێبەر"ی ڕووسیا بخاتە لیستی سزاکانەوە، کە مۆسکۆ لە دوای ساڵی 2022ـەوە بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ڕۆژئاوا و گواستنەوەی نەوتەکەی بەکاریان دەهێنێت.
ئەم پڕۆژەیاسایە بە ناوی سیناتۆری کۆچکردوو (لیندسی گراهام) ناونراوە، کە پێش مردنی لە 11ی تەممووزدا، یەکێک بوو لە داكۆكیکارە سەرسەختەکانی سەپاندنی ئەم سزایانە. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن ئەم هەنگاوە "لێدانێکی پڕئازار دەبێت بۆ پوتین" و وا لە وڵاتانی هاوکاری ڕووسیا دەکات لە نێوان بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا یان کڕینی وزەی هەرزانی ڕووسیا، یەکێکیان هەڵبژێرن.
لای خۆیەوە، باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە ئەمریکا پڕۆژەیاساکەی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند، کە ئەم سزایانە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا نین، چونکە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و قەیرانی وزە لە ناوخۆی ئەمریکادا، بەتایبەت لە کاتێکدا کە وڵاتەکە بەرەو هەڵبژاردن دەچێت.
جێی ئاماژەیە، پڕۆژەیاساکە مەرجی ئەوەشی تێدایە کە ڕێگری بکرێت لە کۆتاییهاتنی وادەی سزاکانی سەر کەرتی وزە و چەکی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.