Erbil 10°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 19:38

ئه‌ڵمانیا له‌ هاوکاریکردنى پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت

شاندى باڵاى حكوومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا كۆبوونه‌وه‌
کوردستان TV
100%

وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعش به‌رز ده‌نرخێنێت و دووپاتى كرده‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ مایه‌ى بڕوا و متمانه‌یه‌ و مه‌شق و ڕاهێنان و هاوكارییه‌كانى ئه‌ڵمانیا بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌ شێوازێكى دیكه‌ به‌رده‌وام ده‌بن.

 

وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ى له‌ شه‌ڕى دژى داعش به‌رز نرخاند و ستایشى ئه‌و هاوبه‌شى و هه‌ماهه‌نگییه‌ى كرد كه‌ له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانى ئه‌ڵمانیا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعشدا هه‌بووه‌ و به‌رده‌وامه‌. هه‌روه‌ها ئاماده‌ییى وڵاته‌كه‌ى نیشان دا بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر هاوكاریكردنى پێشمه‌رگه‌ و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ مایه‌ى بڕوا و متمانه‌یه‌ و مه‌شق و ڕاهێنان و هاوكارییه‌كانى ئه‌ڵمانیا بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌ شێوازێكى دیكه‌ به‌رده‌وام ده‌بن.

له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌ ئه‌ڵمانیا ئێواره‌ى سێشه‌ممه‌ 19/12/2017 له‌ به‌رلین، شاندى باڵاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین كۆبوونه‌وه‌.


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خاتوو ڤۆن دێر لاین، وێڕاى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانى شاندى باڵاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌رلین، نیگه‌رانیى خۆى له‌ دۆخى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراق ده‌ربڕى و هیواى خواست كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولا له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانیا و دۆستانى دیكه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن هاوكار بن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراق و پشتگیرى و هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستانى به‌ ئه‌رك له‌ قه‌ڵه‌م دا.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسى پێشوازى له‌ شاندى هه‌رێم و هاوكارى و پشتگیریى ئه‌ڵمانیاى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ سه‌ردانه‌كانى خاتوو ڤۆن دێر لاین بۆ هه‌رێمى كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى هێزه‌كانیان له‌ هه‌رێم، گرنگ و مایه‌ى بایه‌خ بوون. وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى خواستى هه‌رێمى كوردستانیش بۆ به‌رده‌وامى و بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا، ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا له‌ كاتێكدا هێشتا هۆكاره‌كانى دروستبوونى داعش له‌ عێراق چاره‌سه‌ر نه‌كراون، ئه‌گه‌ر و مه‌ترسیى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش هه‌یه، بۆیه‌ هه‌رێمى كوردستان چاوه‌ڕێى پشتگیرى له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌كات.

له‌باره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، ئاماده‌ییى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا نیشان دا و داواى كرد بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى سه‌ختى ئابوورى و دارایى له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ڵمانیا له‌ ڕێگه‌ى ئاى ئێم ئێفه‌وه‌ هاوكار بێت بۆ دابینكردنى بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌.

به‌ڕێزیان جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق، ئاماده‌ى گفتوگۆیه ‌و به‌ پێویستى زانى ئه‌ڵمانیا و وڵاتانى دیكه‌ى دۆست هانى عێراق بده‌ن بۆ هه‌نگاونان به‌ ئاراسته‌ی‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان. هه‌موو ئاماده‌یى و پشتگیرییه‌كى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ به‌رده‌وامیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا، دووپات كرده‌وه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.