Erbil 12°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 18:53

خۆپیشانده‌ران لە رانیە ده‌یانه‌وێت ماڵی عەبدوڵا بۆر بوستێنن

بەهۆی ئەوەی دوێنی هێزەكەی پەلاماری خۆپێشاندەرانی داوە
کوردستان TV
100%

 

خۆپیشاندان بەشێوەی توندوتیژی لە سنووری سلێمانی بەردەوامە و ئێستا لە رانیە و قەڵادزێ‌ خۆپیشاندان بەرێوە دەچێت، خۆپێشاندەرانی شارۆچكەی ڕانیە دەیانەوێت دەست بەسەر ماڵی فەرماندەیەكی پێشمەرگەدا بگرن بەهۆی ئەوەی دوێنی هێزەكەی پەلاماری خۆپێشاندەرانی داوە.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ رانییە ڕاگەیاند، خۆپێشاندەران دەیانەوێت دەست بەسەر ماڵی عەبدوڵا بۆر، فەرماندەی میحوەری خورماتووی هێزەكانی پێشمەرگەدا بگرن بەهۆی ئەوەی دوێنێ هێزەكانی ئەو پەلاماری خۆپێشاندەرانیان داوە.

له‌م باره‌یه‌وه‌ عەبدوڵڵا بۆر، فەرماندەی میحوەری خورماتووی هێزی پێشمەرگە کە ماڵی لە رانیەیە راگەیاند ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (20-12-2017) بەشێک لە خۆپیشاندەرانی رانیە ئاراستەی خۆپیشاندانەکەیان بەرەو ماڵی ئێمە گۆڕی و هەوڵیاندا خانووەکەم بسووتێنن، بەڵام پێشمەرگە دیوارێکی ئەمنییان دروستکرد و رێگەیان نەدا زیانی گیانی و ماددیمان پێ بگەیێنن.

هه‌روه‌ها لەبەردەم قایمقامییەتی قەڵادزێ ئێستا تەقەیەكی زۆر دەكرێت و سەرچاوەیەكیش دەڵێ‌، ئەو هێزەی لەوێیە فەرمانی تەقەكردنیان پێ كراوە و بە كڵاشینكۆف و  بی كەیسی تەقە بەسەر خۆپێشاندەراندا دەكەن.

ڕۆژی 18ی ئەم مانگە، لە سلێمانی و دەڤەری ڕاپەڕین و گەرمیان، خۆپێشاندان لە ناوچە جیاجیاكان دەستی پێكرد و سەرەتای گۆڕینی ئاراستەی خۆپێشاندانەكان لە خۆپێشاندانی مەدەنی و دوور لە توندوتیژی لە شارەدێی پیرەمەگروون دەستی پێ كرد و بارەگای پێنج حزبی كوردستان و ئاسایش سووتێنران، رۆژێك دواتر لە كۆیە و كفری و ڕانیە خۆپێشاندەران هەڵیان كوتایە سەر بارەگەی حزبەكان و هێزەكانی یەكێتیش ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و پێنج خۆپێشاندەریان لە ڕانیە كوشت و 80ی تریشیان بریندار كرد، هه‌روه‌ها لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، زۆربەی بارەگا حیزبییەکانی و چەند باڵەخانەیەکی حکومی ناوچەکە سووتێنراون و لە چەند شوێنێکیش بارەگاکان بە رێککەوتن لەنێوان خۆپیشاندەران و حیزبەکان چۆڵکراون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.