ئیبراهیم كاڵن ، گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا وەڵامی لێدوانەكانی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی دەیەوە و رایگەیاند كە بەرپرسانی ئیسرائیل لەجیاتی هێرش بكاتە سەر وڵاتەكەمان و سەركردەكانمان باشترە كۆتایی بە داگیركردنی خاكی فەڵەستین بێنن.
كاڵن روونیكردەوە كە بە توندترین شێوە ئیدانەی لێدوانەكانی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بینیامین ناتانیاهۆ لە بەرامبەر كۆماری توركیا و سەرۆك كۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان، دەكەین.
لە روونكردنەوەكەی وتەبێژەكەی سەرۆكایەتی توركیادا هاتووە ئیسرائیل كە چەندین ساڵە، مافەكانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان پێشێل دەكات و خاكی سەدان ساڵەی فەڵەستینییەكانی داگیركردووە، پێویستە پێش هەموو شتێك باجی ئەو كارانە بداتەوە كە ئەنجامی داون .
دوێنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی لێدوانێكی پێشووتری ئەردۆغان گوتی : من وانە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان وەرناگرم، كە گوندە كوردییەكان بۆردومان دەكات و هاوكاری گروپە فەلەستییەكان دەكات لەغەززە .
سوهێل تاهیر : كوردستان تیڤی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.