Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 01:09

دۆناڵد ترامپ بە نیازە تیلەرسن له‌ پۆستى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ دووربخاتەوە

مایک پۆمپیۆ له‌ شوێنى تیلەرسن ده‌بێته‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌
کوردستان TV
100%

لە رای گشتیی ئەمەریکادا لە ئێستادا رەخنەی جدی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا دەگیرێت و کۆنگرێسمانەکانیش لەو بارەوە دەڵێن، پێویستە گۆڕانکاری لەو پۆستەدا بکرێت. بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێنیش، دۆناڵد ترامپ بە نیازە تیلەرسن دوور بخاتەوە و به‌ مایک پۆمپیۆ شوێنه‌كه‌ی پر بکاتەوه‌.

رێکس تیلەرسن لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا وەک وەزیری دەرەوە لە کابینەی دۆناڵد ترامپدا، نەبووەتە جێگەی رەزامەندیی وڵاتەکەی، بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی کەناڵی سی ئێن ئینی ئەمەریکی، سەرۆکی ئەمەریکا لە بەرنامەیەتی کە تیلەرسن لە پۆستکەی دوور بخاتەوە و لە شوێنی ئەودا مایک پۆمپیۆ دابنێت.

سەرچاوەکانی کۆشکی سپی زانیارییان داوە بە میدیاکانی ئەمەریکا، کە مایک پۆمپیۆ بە یەکێک لە نزیکترین کەسەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دادەنرێت و لە زۆر بواری جدیدا هەوڵەکانی بۆ ترامپ بە گرینگ زانراون. لە ئاستی کۆنگرێسمانەکانی ئەمەریکایشدا، پۆمپیۆ بە کەسێکی شیاو بۆ ئەو پۆستە دادەنرێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئەمەریکا، کۆشکی سپی وادەی دوورخستنەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكی لە پۆستکەی دیاری نەکردووە، بەڵام بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەک بۆ سی ئێن ئێن، رەنگە دوورخستنەوەکە بکەوێتە ساڵی نوێوه‌.

سی ئێن ئێن ئاشکرای کردووە، کە ترامپ لە زۆر بواردا پێوەست بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ تیلەرسن هاوڕا نییە، هەروەها پرسی کۆریای باکوور یەکێک لەو پرسانەی دیکەیە کە لە نێوان ترامپ و تیلەرسن کێشەی لێکەوتووەتەوە و لەسەر ئەم دۆسیەیەدا هاوڕا نین.

بەگوێرەی لایڤەکانی سی ئێن ئێن، ئەمشەو کە بەرنامەیەکی تایبەتی لەسەر دوورخستنەوەی تیلەرسن هەبوو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پرسی عێراق و سووریایش جێگەی رەزامەندیی ئەمەریکا نییە.

نیویۆرک تایمز، ئەم بەیانییە بە کاتی ئەمەریکا یەکەم رۆژنامە بوو کە زەنگی دوورخستنەوەی تیلەرسنی لێ داو رۆژنامەکە نووسیویەتی، کۆشکی سپی یەکلا بووەتەوە لەوەی کە دەبێ تیلەرسن لە پۆستەکەی لابدرێت، بەڵام بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیه‌ی کە زانیاریی بە نیویۆرک تایمزى داوە، کاتەکە بە ڕوونی دیاری نەکراوە و پێشنی کراوە کە دوورخستنەوەکە بکەوێتە ساڵی 2018.

لە سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئەمەریکا ئه‌وه‌ش ئاشکرا بووە، کە سەرۆکی ئەمەریکا لە دوای کێشەکانی لەگەڵ تیلەرسن چەندین جار لە نزیکەوە مایک پۆمپیۆی بینووە و زانیارییەکان ئەوەیان خستووەتە ڕوو کە ترامپ داوای لێ کردووە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا.

مایک پۆمپیۆ یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەمەریکا و بزنسمانەکانە کە پێشووتر ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا بووە لە لیستی کۆمارییەکان، لە 23ی 1ی 2017 لە لایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا کرا بە بەڕێوەبه‌ری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.