لە هۆشدارییەکی تەندروستییدا، پزیشکێکی پسپۆڕی دەماری ئەمریکی سێ جۆر خۆراکی ئاشکرا کرد کە بە تەواوی خواردنیان ڕەتدەکاتەوە بۆ پاراستنی تەندروستیی مێشکی، ئاماژەی بەوەش کردووە کە یەکێکیان لە هەندێک بارودۆخدا ڕەنگە کوشندە بێت.
دکتۆر (بایبینگ چێن) کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە (دکتۆر بینگ) ناسراوە، لەم دواییانەدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە ئینستاگرام لیستی ئەو خۆراکانەی بڵاوکردەوە کە خۆی لێیان بەدوور دەگرێت، بە جەختکردنەوە لەوەی مێشک کە ئەندامی بەرپرسی کۆنترۆڵکردنی سەرجەم فرمان، جووڵە، بیرکردنەوە و هەستەکانی جەستەیە، شایستەی چاودێری و گرنگیپێدانی تایبەتە و خۆراکدانی دروستیش ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پاراستنی تەندروستیی مێشکدا.
پزیشکەکە ئاماژەی بە جۆرە خۆراکێک کردووە کە بە تەواوی لێی دوور دەکەوێتەوە، کە مەترسییەکەی ڕەنگە بگاتە ئیفلیجی، لێڵبوونی بینین و تەنانەت لە هەندێک باری دەگمەنیشدا مردن.
خۆراکی ناو قوتووی زیانپێکەوتوو: مەترسییەکی کوشندە کە ڕەنگە لە چێشتخانەکەتدا حەشار درابێت
دکتۆر چێن هۆشداری دەدات لەو خۆراکە قوتووکراوانەی کە قوتووەکانیان تێکچوون، واتە بەرکەوتەی زیانی فیزیایی بوون، وەک ئاوسان، قڵیشان یان قوپانی قووڵ.
دکتۆر چێن دەڵێت: "ئەگەر قوتووەکە ئاوساو، قڵیشاو یان قوپانێکی قووڵی پێوە بێت، ئەمە نیشانەیەکی ئاگادارکردنەوەیە لە پیسبوونی بە بەکتریایەک بە ناوی (Clostridium botulinum / کلۆستریدیۆم بۆتولینیۆم)، کە دەبێتە هۆی جۆرە ژەهراویبوونێکی توند بە ناوی (بۆتولیزم - Botulism)."
ئەو ڕوونکردنەوە دەدات کە ئەم بەکتریایە ژەهری "بۆتولینۆم" بەرهەم دەهێنێت، کە یەکێکە لە بەهێزترین ژەهرە ناسراوەکانی مرۆڤایەتی، بە جۆرێک کە بڕێکی زۆر کەمی دەتوانێت نیشانە دەمارییەکانی نێوان مێشک و ماسولکەکان پەک بخات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئیفلیجیی خاو (شل)، لێڵبوونی بینین و سستبوونی کۆئەندامی هەناسە، و ڕەنگە ببێتە هۆی مردنیش ئەگەر بە دژەژەهری گونجاو چارەسەر نەکرێت.
گەورەترین مەترسی لەوەدایە کە ئەم ژەهرە بێ تام و بێ بۆنە، ئەمەش واتە ئەستەمە تەنیا بە سەیرکردن یان بۆنکردنی خۆراکەکە، بوونی پیسبوونەکە دەستنیشان بکرێت. تەنانەت ئەگەر خۆراکەکە بە باشی گەرمیش بکرێتەوە، ڕەنگە گەرمی پێویست نەبێت بۆ پووچەڵکردنەوەی کاریگەریی ژەهرەکە، ئەمەش وا دەکات فڕێدانی تەواوی قوتووەکە بە تەنیا بژاردەی سەلامەت بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.