Erbil 26°C ھەینی 20 ئەیلوول 02:55

لیستی برایەتی: پێشبینی ناکەین ھاتنی سەرۆک کۆمار بۆ کەرکووک گۆڕانکاری دروست بکات

حزبی شیوعی: سەرۆک کۆمار توانای ئیدارەدانی مەلەفەکانیشی نییە
کوردستان TV
100%

محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، له‌باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق، بۆ شاری کەرکووک ڕایگەیاند"  پێشبینی ناکەم ھاتنی سەرۆک کۆمار بۆ کەرکووک گۆڕانکارییەک لەم بارودۆخەدا دروست بکات.

ھەرچەندە باس لە پێکھێنانی وەفدێک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەر لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە کرا، بەڵام سەرۆکی لیستی برایەتی، ئەوەی خستە روو، کە لەم بارودۆخەدا ھیچ لێژنەیەک ناتوانێت لێکۆڵینەوەیەکی بێ لایەنگیری و ڕاست و دروست بکات، بەتایبەت لەو ناوچانەی لە ژێردەستی میلیشیای حەشدی شەعبی و سوپای عێراقیدا بێت.

ئاشکراشی کرد، کە چارەسەری یەکلاکەرەوە بۆ ئەو بارودۆخەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دروست بوون، ئەوەیە کە بەغدا بەڕاستی و دروستی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا بکەوێتە گفتوگۆ، ھەروەھا لەگەڵ لیستی برایەتی وەک دانیشتوانی کەرکووک دیالۆگ بکەن.

محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ باسنیوز گوتیشی"جەبھەی تورکمانی ئەو ھۆڵەی سەرۆک کۆمار پرێس کۆنفراسی تێدا کردووە، بەجێیان ھێشتووە و دەست بەجێ بەیانامەیەکیان لە دژی سەرۆک کۆمار دەرکردووە.


له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ ھەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی، ڕایگەیاند" سەرۆک کۆماری عێراق شوێنێکی گرنگی ھەیە، ئەگەر بیەوێت ڕۆڵی لە چارەسەر کردنی کێشەکاندا بگێڕێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بەڕێز (فوئاد مەعسوم) بەشێک بووە لە پرۆسەی سیاسی و خەباتی کوردستان، بەڵام لێرەدا من پێموایە لە بەغدا ڕۆڵێکی لاوەکی و لاوازی ھەیە و ناتوانێت ئیرادەی سەرۆکایەتیی کۆمار بچەسپێنێت".

ئەو سەرکردەیەی شیوعی، ئەوەشی خستە روو، کە ئەگەر لە ڕوانگەی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە سەردانەکەی سەرۆک کۆمار تەماشا بکرێت، ئەوا تەنیا سەردانێکی شکڵییە و دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار ناھێنێت و توانای ئیدارەدانی مەلەفەکانیشی نییە، چونکە ئەو مەلەفانەی ھەن لەبەردەستی ئەودا نین، بەڵکو لەبەر دەستی خەڵکانی دیکەدان.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.