Erbil 7°C شەممە 21 کانونی یەکەم 20:09

نێچیرڤان بارزانی: به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی کاره‌با پلانمان هه‌یه‌ بۆ چاککردنی کاره‌با

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی: به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كاره‌با پلانمان هه‌یه‌ بۆ چاككردنی كاره‌با
کوردستان TV
100%


دوای نیوه‌ڕۆی 27/11/2017 له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ راگه‌یاندنه‌كان گوتی: كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ به‌سه‌ر دوزخورماتوودا هێنراوه‌و خانو و ماڵه‌ كورده‌كان تاڵانكراون و سووتێنراون و ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌،ئه‌وه‌ش هێزه‌ عێراقیه‌كان لێی به‌رپرسیارن.

راشیگه‌یاند پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق قه‌ره‌بووی دانیشتوانی دوزخورماتوو بكاته‌وه‌ و ئاواره‌كان بگه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان له‌ دوزخورماتوو و قه‌ره‌بووی زه‌ره‌رو زیانه‌كانیان بكرێته‌وه‌،چوكه‌ ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌ سه‌ر ماڵ و مڵكیان.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رسامی خۆی له‌وه‌ ده‌ربڕی كه‌ دانیشتوانی دوزخورماتوو به‌ ده‌ستی هێزێكی عێراقی ئاواره‌ بوون.

نێچیرڤان بارزانی داواشی له‌ حكوومه‌تی عێراق كرد به‌ په‌له‌ لێژنه‌یه‌ك پێك بهێنێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی میلیـشیا عێراقییه‌كان كردوویانه‌ته‌ سه‌ر هاووڵاتییانی كورد له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری وقه‌ره‌بووی خه‌ڵكه‌كه‌ بكرێته‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی راشیگه‌یاند: نووسراوی ده‌ستبه‌كاربوونی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كرم وه‌ك پارێزگار واژۆ كردووه‌ و به‌ هیوان سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ كاره‌كانیدا و كاری باش بۆ سلێمانی و بۆ پارێزگای سلێمانی به‌ گشتی بكات.

له‌ باره‌ی مووچه‌وه‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، حكوومه‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی كوردستان، راشیگه‌یاند: تا ئێستا مووچه‌مان داوه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ی نه‌توانین مووچه‌ بده‌ین، به‌ فه‌رمی ڕای ده‌گه‌یه‌نین و له‌گه‌ڵ گه‌لی خۆمان راستگۆو راشكاوین.
به‌ڵام حكومه‌تی عێراق خه‌ڵك چه‌واشه‌ ده‌كات له‌م باره‌یه‌وه‌.

ده‌رباره‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی كاره‌با نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند: به‌ داخه‌وه‌ به‌ هه‌ده‌ردانێكی زۆر له‌ به‌كارهێنانی كاره‌بادا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش كولتوورێكی زۆر ناته‌ندروسته‌و به‌ هیواین هاووڵاتیان ده‌ست به‌ كاره‌باوه‌ بگرن و به‌ فیڕۆی نه‌ده‌ن.

راشیگه‌یاند به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كاره‌با پلانمان هه‌یه‌ بۆ چاككردنی كاره‌با، ده‌رباره‌ی گفتوگۆی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا رایگه‌یاند:هه‌ڵوێستی ئێمه‌ ڕوونه‌، هه‌ر كاتێك به‌غدا بۆ گفتوگۆ ئاماده‌ بێ، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ئاماده‌ییه‌مان هه‌یه‌، كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا پێویستی به‌ دانیشتنی جددی هه‌یه‌ تاوه‌كو به‌ لێك تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش بگه‌ین، ده‌بێ به‌غدا ئه‌و بڕیاره‌ بدات، ئه‌گینا وه‌ك هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوێستمان هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند: كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان ”به‌پێی پێویست“ له‌باره‌ی راگرتنی ئه‌و سزایانه‌ی عێراق به‌سه‌ر كوردستانیدا سه‌پاندووه‌، نه‌هاتوونه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ (ئه‌مڕۆ)ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، كارنامه‌ی ڕۆتینیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیان باس كردووه‌، هه‌روه‌ها پێشنیازی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی بۆ بابه‌تی یاسایه‌ك له‌باره‌ی زبڵ و خاشاك و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ تاوتوێ كران.

ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و په‌رله‌مانی كوردستانیش نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند: هه‌فته‌ی ڕابردوو سه‌ردانی سلێمانیمان كرد، له‌گه‌ڵ گۆڕان، یه‌كێتی و سۆسیالیست كۆبوونه‌وه‌مان كردووه‌، له‌گه‌ڵ پارته‌كانی تریش له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ بڕیاری خۆمان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ده‌ین، ئێمه‌ پێمان وایه‌ هه‌ڵبژاردن گرنگه‌ و پێویسته‌ بكرێت، ئێستا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ماوین ڕۆژی هه‌ڵبژاردن ده‌ستنیشان بكه‌ین.

له‌ باره‌ی ئاشتی هه‌ورامیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند: وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ كارو فرمانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌و دوای كۆتا هاتنی كاره‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و پێویست به‌ كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزای په‌رله‌مانتاران و پۆلیسی ئه‌نته‌رپول ناكات.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.