Erbil 19°C چوارشەممە 13 تشرینی دووەم 10:28

هەناردەی نەوتی کوردستان بەرز دەبێتەوە

رۆژانه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 270 هه‌زار به‌رمیل
کوردستان TV
100%


بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (رۆیتەرز)، هەناردەی نەوتی کوردستان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای داگیرکردنی کەرکووک و رۆژانی چوارشەممه‌ 22/11/2017 و پێنجشەممە 270 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا هەناردە کراوە.


ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌، 23/11/2017 ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ بازاڕه‌كانی جیهان، له‌ دوو رۆژی رابردوودا گه‌یشتووه‌ته‌ به‌رزترین ئاست، له‌وه‌ته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی  نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كێشه‌ی تێكه‌وتووه‌و كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كردبوو‌.


به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆیته‌رز، رۆژانی چوارشه‌ممه‌ و پێنج شه‌ممه‌، بڕی هه‌نارده‌كراوی نه‌وتی هه‌رێم، به‌راوورد به‌ رۆژانی پاش درووستبوونی قه‌یرانه‌كان زیادیكردووه‌، به‌ڵام له‌ چاو ئه‌و بره‌ی پێش 16ـی ئۆكتۆبه‌ر ده‌نێردرایه‌ ده‌ره‌وه‌، هێشتا ئاستی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم كه‌متر له‌ نیوه‌ی‌ بڕی پێشووه‌.

رۆیته‌رز له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ناوخۆییه‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی هه‌رێمی كوردستان، رۆژانی چوارشه‌ممه‌ و پێنج شه‌ممه‌، رۆژانه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 270 هه‌زار به‌رمیل و ئه‌وه‌ش به‌رزترین ئاستی پاش قه‌یرانه‌كانی مانگی رابردووه‌.

پێش رووداوی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 600 هەزار بەرمیلی هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرد و دوای رووداوەکەش بڕەکە دابەزی بۆ 200 تا 230 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

هه‌ر چه‌نده‌ به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ 16ـی ئۆكتۆبه‌ر به‌دواوه‌ درووستبووه‌ ئاستی هه‌نارده‌ی نه‌وت زۆر كه‌مبووه‌وه‌، به‌ڵام ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌‌ی نه‌وت رانه‌وه‌ستاوه‌.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.