Erbil 4°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 07:09

نێچیرڤان بارزانى نامه‌یه‌کى له‌ سکرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ پێگه‌یشت

هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق به‌ دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكات
کوردستان TV
100%


به‌ڕێز ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پشتگیریى خۆى بۆ دیالۆگێكى سیاسى له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراقى فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ده‌ر‌بڕى.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15/11/2017 له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانیش ئاماده‌یى بوو، به‌ڕێز یان كۆبیش نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق نامه‌كه‌ى گه‌یانده‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى و تیایدا به‌ڕێز گۆتێریس خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕیوه‌ به‌وه‌ى كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق له‌ چه‌ندین بۆنه‌دا ئاماده‌ییى خۆیان بۆ گفتوگۆ نیشان داوه‌.

به‌ڕێزیان ئاماده‌ییى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى بۆ هاوكارى له‌ گفتوگۆى نێوان هه‌ردوولادا ده‌ربڕیوه‌ و ده‌ڵێت: "هه‌ردوولا هان ده‌ده‌م كه‌ هه‌نگاوى پێویست بنێن بۆ دابینكردنى زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار له‌پێناو ده‌سپێكردنى دانوستانێكى ڕاسته‌قینه‌". هه‌روه‌ها دووپاتى كردۆته‌وه‌ "كاتێك كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ى داعش له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ ماوه‌، له‌پێناو ئاشتبوونه‌وه‌ى نیشتمانى و دابینكردنى زیاترى سه‌قامگیریدا، ده‌بێ له‌م دۆخه‌دا ڕێ له‌ ناسه‌قامگیرى بگیرێت".

له‌ دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز یان كۆبیش ده‌ستخۆشی له‌ هه‌وڵه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان كرد و هه‌موو هاوكارییه‌كى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی له‌مباره‌یه‌وه‌ نیشان دا. به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانییش سوپاسی سه‌ردانه‌كه‌ و نامه‌ى به‌ڕێز  سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی كرد، جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق به‌ دیالۆگ و له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر بكات.

هه‌واڵ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.