Erbil -0°C ھەینی 03 کانوونی دووەم 06:42

کۆنگرێس مه‌رجی یه‌کپارچه‌یی عێراق بۆ هاوکاریکردنی پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵده‌گرێت

ئه‌مریكا له‌ هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه‌  به‌رده‌وام ده‌بێت 
کوردستان TV
100%


ئه‌مریكا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هاوكاریكردنی سه‌ربازی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و كۆنگرێسی ئه‌مریكا مه‌رجی یه‌كپارچه‌یی عێراق بۆ هاوكارییه‌كه‌ له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵده‌گرێت و داوایان له‌ ئیداره‌ی وڵاته‌كه‌یاشیان كردووه‌ چاو به‌ ستراتیژییه‌تی ئه‌مریكا له‌ عێراق و سووریا بخشێننه‌وه‌.

له‌ پرۆژه‌ یاسای بوودجه‌ی ساڵی 2018 دا، كۆنگرێسی ئه‌مریكا بڕی 365 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ دیاریكردووه‌و ئه‌و مه‌رجه‌یشی ساڵانی پێشوو بۆ هاوكارییه‌كه‌ دانرابوو كه‌ (له‌ چوارچێوه‌ی یه‌كپارچه‌یی عێراقدا هاوكاری پیشمه‌رگه‌ بكرێت) له‌ پرۆژه‌كه‌ی ئه‌مساڵدا لایانداوه‌و و به‌ بێ مه‌رجی ئه‌وه‌ی كورد له‌ به‌غدا به‌شداربێت یان نا، هاوكارییه‌كه‌یان دیاریكردووه‌.

سایتى ئه‌لمۆنیتۆر له‌ راپۆرتێكدا باسی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مریكای بۆ هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه‌ كردووه‌و به‌ گۆڕانكارییه‌كی گرنگ له‌ هه‌ڵوێستی گۆنگرێس ناویبردووه‌".

ئه‌و كۆنگرێسمانانه‌ی راپۆرته‌كه‌یان ئاماده‌كردووه‌، نێگه‌رانی خۆیان له‌ شه‌ڕی میلیشیاكانی شیعه‌ و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ربڕیووه‌.

پێشتریش چه‌ندین كۆنگرێسمانی ئه‌مریكی به‌ئاشكرا هه‌ڵوێستی خۆیان له‌سه‌ر هێرش و په‌لاماره‌كانی میلیشیا شیعه‌كان بۆ سه‌ر كوردستان ده‌ربڕیبوو و جگه‌ له‌ سه‌ركۆنه‌كردنی ئه‌و ھێرشانه‌، به‌شێكیان پاڵپشتی خۆیشیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان راگه‌یاندبوو.

له‌و چوارچیوه‌یه‌دا، جۆن مه‌ككین، سیناتۆری به‌ناوبانگی ئه‌مریكی و سه‌رۆكی كۆمیته‌ی خزمه‌تگوازرییه‌ سه‌ربازییه‌كان، له‌ رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز وتارێكی نووسی و داوایكرد كه‌ حكومه‌تی عێراق ره‌چاوی ماف و ئازادی و ئارامی كوردستان بكات و مافه‌كانی كورد ده‌سته‌به‌ر بكات".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو كه‌ "ئه‌گه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ناچار بێت له‌ نێوان كورد و شیعه‌كانی عێراقدا لایه‌كیان هه‌ڵبژێرێت، پێویسته‌ كورد هه‌ڵبژێرێت".

هه‌روه‌ها له‌ راپۆرته‌كه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مریكادا داوا له‌ ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ كراوه‌، چاو به‌ ستراتیژییه‌تی ئه‌مریكا له‌ عێراق و سووریا بخشێننه‌وه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.