Erbil 14°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 14:54

سه‌رۆک بارزانی: ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌ کوردستانییه‌کان ده‌گوزه‌رێت کاتییه‌

ده‌بوایه‌ ریفراندۆم زووتر له‌و كاته‌ ئه‌نجام بده‌ین
کوردستان TV
#7
100%

سه‌رۆك بارزانی رایده‌گه‌ێنێ، ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌ك كوردستانییه‌كان ده‌گوزه‌رێت كاتییه‌، چونكه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانێت ناسنامه‌ی ئه‌م ناوچانه‌ بگۆڕێت، ده‌شڵێ ده‌بوایه‌ ریفراندۆم زووتر له‌و كاته‌ ئه‌نجام بده‌ین نه‌وه‌ك دره‌نگتر.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ میانی چاوپێكه‌وتنێكیدا به‌ گۆڤار و ماڵپه‌ڕی نیوز ویكی ئه‌مریكی، رایگه‌یاند: بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بڕیارێكی شه‌خسی نه‌بوو، به‌ڵكو بڕیارێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بوو كه‌ پارته‌ سیاسییه‌كانی كوردستان دایان و سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆمیش ئه‌وه‌ بوو كه‌ 93%ی خه‌ڵكی كوردستان به‌ (به‌ڵێ) ده‌نگی دا. هه‌ر بۆیه‌ پرۆسه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بوو. بڕواشم وایه‌ ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ داهاتووی گه‌لی كوردستانی پاراست. ڕاسته‌ كه‌ هه‌ندێك به‌ربه‌ست هه‌بوون له‌ قۆناغی دوای ریفراندۆم، به‌ڵام به‌و مانایه‌ نایه‌ت كه‌ ئیراده‌ی گه‌لی كورد له‌ده‌ست چووبێت.

هه‌روه‌ها بارزانی گوتی: ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ كاتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم گونجاو بوو، چونكه‌ ئه‌و هێزه‌ عێراقییانه‌ی ئێستا سیاسه‌ته‌كانی خۆیان ده‌چه‌سپێنن بۆ گۆڕینی بارودۆخ و دیمۆگرافیای ئه‌و ناوچانه‌ی كۆنتڕۆڵیان كردوون، ئه‌م پرۆگرام و پلانه‌یان ته‌نانه‌ت به‌ر له‌ ریفراندۆمیش له‌ مێشكدا بوو. ئه‌وان ریفراندۆم وه‌ك بیانوویه‌ك به‌كاردێنن بۆ شاردنه‌وه‌ی پیلانه‌كه‌یان له‌ دژی گه‌لی كوردستان. ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم سوور بووین بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ له‌ خوێنڕێژی بگرین، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ له‌ شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوون بگیرێت. ئه‌و هێزه‌ عێراقییانه‌ی ئێستا شه‌ڕ له‌ دژی ئێمه‌ ده‌كه‌ن، ده‌یانه‌وێت واقیعێكی نوێ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا بسه‌پێنن. هه‌ڵه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ده‌بوایه‌ ریفراندۆم زووتر له‌و كاته‌ ئه‌نجام بده‌ین نه‌وه‌ك دره‌نگتر.

سه‌رۆك بارزانی گوتیشی: به‌بێ ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌و قوربانییه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌خشی، نه‌ده‌توانرا پاشه‌كشه‌ به‌ داعش بكرێت و شكست بدرێت، ته‌نانه‌ت مووسڵیش ئازاد نه‌ده‌كراوه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌مان نه‌ده‌كرد هێزه‌ عێراقییه‌كان چه‌كی ئه‌مریكی، كه‌ ئه‌مریكا به‌ عێراقی دابوو شه‌ڕی داعشی پێ بكات، له‌ دژی هاووڵاتی خۆی به‌كار بێنێت. ئه‌وه‌یان زۆر چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو بۆ ئێمه‌.

سه‌رۆك بارزانی ئاشكراشی كرد: پێمان وایه‌ ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنی كه‌ركووك به‌ سه‌رپه‌رشتیی ئێرانییه‌كان و به‌ ئاگاداریی به‌رپرسانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا ئه‌نجام دراوه‌.

سه‌رۆك بارزانی راشیگه‌یاند: ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ده‌گوزه‌رێت كاتییه‌، چونكه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانێت ناسنامه‌ی ئه‌م ناوچانه‌ بگۆڕێت. ئێمه‌ هیچ گۆڕانكارییه‌كی زۆره‌ملێ به‌سه‌ر دێموگرافیای ئه‌و ناوچانه‌ قه‌بووڵ ناكه‌ین. ناسنامه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ هێشتا كوردستانییه‌. ته‌نها بۆ رێگه‌گرتن له‌ شه‌ڕ و خوێنڕێژیی زیاتر بوو كه‌ ئێمه‌ له‌ به‌شێكی ئه‌و ناوچانه‌ پاشه‌كشه‌مان كرد. ئامانجمان ئه‌وه‌ بوو ڕێگه‌ له‌ تێكهه‌ڵچوونی سه‌ربازی بگرین و زه‌مینه‌ی گفتوگۆ فه‌راهه‌م بكه‌ین.

سه‌رۆك بارزانی ده‌شڵێ: تا ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ ده‌كرێت، ئێمه‌ ئاماده‌ین خۆ له‌ له‌ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ سوپای عێراق بپارێزین، تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌وان نیازی گۆڕینی فیدرالی كوردستان نه‌بن.

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.