Erbil 31°C سێشەممە 01 ئەیلوول 10:20

توێژینەوەیەک: سەرکەوتن بە پلیکانە مەترسیی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ بە ڕێژەی 39% کەمدەکاتەوە

100%

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات کە خوویەکی سادەی ڕۆژانە کە دەتوانرێت بە ئاسانی جێبەجێ بکرێت، سوودێکی بێوێنەی بۆ تەندروستیی دڵ و درێژکردنەوەی تەمەن هەیە. بەپێی توێژینەوەکە، بەکارهێنانی پلیکانە لە جیاتی ئەسانسۆر یان پلیکانەی کارەبایی، مەترسیی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.

توێژەرانی زانکۆی ئیست ئەنگلیا لە بەریتانیا، داتاکانی 9 توێژینەوەی جیاوازیان شیکردەوە کە زیاتر لە 450,000 کەسیان گرتووەتەوە، کە تەمەنیان لە نێوان 35 بۆ 84 ساڵدایە و بە یەکسانی لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ پێکهاتبوون.

لە ئەنجامی بەدواداچوونێکدا کە ناوەندی ماوەکەی 14 ساڵ بووە، توێژەران بۆیان دەرکەوت ئەو کەسانەی بە ڕێکوپێکی پلیکانە بەکاردەهێنن، مەترسیی مردنیان بە نەخۆشییەکانی دڵ بە ڕێژەی 39% کەمتر بووەتەوە بەراورد بەو کەسانەی کە بەکاری ناهێنن. هەروەها مەترسیی مردن بە هەر هۆکارێکی دیکەی تەندروستی لای ئەم کەسانە بە ڕێژەی 24% کەمی کردووە.

دکتۆر سۆفی بادۆک، پزیشکی پسپۆڕی دڵ و یەکێک لە بەشداربووانی توێژینەوەکە ڕایگەیاند: ئەم چالاکییە جیاوازە لە چوون بۆ هۆڵە وەرزشییەکان، چونکە بە ئاسانی لە ژیانی ڕۆژانەدا، چ لە ماڵەوە، لە شوێنی کار یان لە کاتی هاتوچۆدا جێگەی دەبێتەوە و گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی کاتی تەواویان بۆ وەرزشکردن نییە.

توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە سەرکەوتن بەسەر نزیکەی 6 نهۆمدا لە ڕۆژێکدا (کە دەکاتە نزیکەی 60 پلە)، کاریگەریی ئەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستیی دڵ دەبێت. ئەم چالاکییە دەبێتە هۆی ئەوەی ماسولکەکان هەوڵێکی زیاتر بدەن بەراورد بە ڕۆیشتن لەسەر زەوییەکی تەخت، ئەمەش لێدانی دڵ خێرا دەکات و ئۆکسجین و ماددەی خۆراکیی زیاتر بۆ ماسولکەکان دابین دەکات، جگە لەوەی یارمەتیدەرە بۆ ڕێکخستنی پەستانی خوێن و پاراستنی هاوسەنگیی جەستە لە تەمەنی پیریدا.

پزیشکەکان جەخت دەکەنەوە کە تەنانەت چالاکییە جەستەییە کورتەکانیش دەبنە هۆی باشترکردنی تەندروستیی گشتی، هەربۆیە هەڵبژاردنی پلیکانە لە جیاتی ئەسانسۆر، هەنگاوێکی سادە بەڵام کاریگەرە بۆ پاراستنی دڵ.

 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.