ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، رایگهیاند پارێزگار و ئیدارەى سەڵاحەدین دەسەڵاتیان نییە، رێگە لە تاڵانکردن و سوتاندنى ماڵى دانیشتوانە کوردەکەى قەزاى خورماتوو بگرن، کە پرۆسەکە بەپلان لەلایەن حەشدى شەعبیەوە ئەنجام دەدرێت.
حەسەن محەمەد کە تەنها ئەندامى کوردى نێو ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدینە، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاماژەى بەوەکرد، پارێزگارى سەڵاحەدین رۆیشتوەتە نێو قەزاى خورماتوو لەوێوە پەیوەندى پێوەکردووە، وتى"پارێزگار پێیوتم ئەوان گەڕەکە کوردیەکانمان بۆ ناپارێزرێت، چونکە گەورەن."
بەپێى وتەى حەسەن، محەمەد پارێزگارى سەڵاحەدین داواى گەڕانەوەى کوردەکانى بۆ خورماتوو کردووە، ئەویش لەوەڵامدا بۆى روونکردوەتەوە کە کوردەکان دەکوژرێن و دەرفێنرێت و ئۆتۆمبێل و پارەیان لەلایەن حەشدەوە لێدەسێنرێت، بۆیە بێ گەرەنتى ناگەرێنەوە.
لە ئێستادا حەشدى شەعبى حوکمى قەزاى خورماتووى پارێزگاى سەڵاحەدین و زۆربەى ناوچەکانى کەرکوک دەکات، لەکاتێکدا لەکۆى 29 ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، تەنها 7 ئەندامیان شیعەن، 21 ئەندامیان عەرەبى سونەن بەپارێزگاریشەوە.
لەبارەى چارەنوسى ئەو فەرمانبەرانەى کورد کە دەوامیان جێهێشتووە، حەسەن محەمەد روونیکردەوە بەبریارى پارێزگارى سەڵاحەدین هیچ فەرمانبەرێکى کورد غایب و فەسڵ ناکرێت، گوتى 13 پۆلیسى کورد بۆ دەوام گەراونەتەوە بۆ خورماتوو دەستگیرکراون، دواى هەوڵێکى زۆر ئازادکراون.
گوتیشى سێ پاسەوانى من و سێ پاسەوانى قایمقامە کوردەکەى خورماتوو موچەکانیان راگیراوە و ئەنجومەنى سەربازیان لەسەر دروستکراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.