Erbil 31°C چوارشەممە 02 ئەیلوول 03:58

نوێکردنەوەیەکی نوێی Windows 11 کێشە بۆ بەکارهێنەران دروست دەکات و نیشاندەری ماوس ون دەکات

کوردستان TV
100%

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت نوێکردنەوەیەکی نوێی بۆ سیستەمی کارپێکردنی Windows 11 وەشاند، کە بڕیار بوو کارایی سیستەمەکە باشتر بکات، بەڵام بە پێچەوانەوە بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشەی تەکنیکی و تێکچوونی هەندێک لە فرمانە سەرەکییەکانی سیستەمەکە.

بەپێی ڕاپۆرتە تەکنیکییەکان، ئەم نوێکردنەوەیە کە بە کۆدی KB5120998 ناسراوە، بووەتە هۆی تێکچوونی فۆنتەکان، ونبوونی نیشاندەری ماوس (Cursor) و گۆڕانی ڕێکخستنەکانی پشتێنەی سەر شاشە (Background). بەکارهێنەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە نیشاندەری ماوسەکە یان قەبارە و ڕەنگی دەگۆڕێت، یان بە تەواوی لەسەر شاشەکە ون دەبێت.

کێشەیەکی دیکەی ئەم نوێکردنەوەیە پەیوەندی بە وێنەی سەر شاشەوە هەیە؛ بەکارهێنەران تێبینییان کردووە کە دوای هەر جارێک کە کۆمپیوتەرەکە دەکوژێتەوە و هەڵدەگیرێتەوە(Restart)، وێنەی سەر شاشەکە دەسڕێتەوە و دەبێتە ڕەنگێکی ڕەشی سادە، هەوڵەکانیش بۆ گۆڕینی وێنەکە بێسوود بوون. هەروەها فۆنتەکانی سیستەمەکە بە شێوەیەکی تەمومژاوی(Blurry) دەردەکەون و فرمانی گەڕان لە ناو بوخچەکانی (Folders) سیستەمەکەدا لای هەندێک بەکارهێنەر پەکیکەوتووە.

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاندووە کە ئاگاداری ئەم کێشانەیە و لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پاکێجێکی چاکسازی فەرمی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بڵاونەکراوەتەوە.

بەپێی ماڵپەڕی پسپۆڕی Windows Latest لە ئێستادا تەنها یەک ڕێگە هەیە بۆ ڕزگاربوون لەم کێشانە، ئەویش سڕینەوەی دەستیی (Manual Uninstall) نوێکردنەوەی  KB5120998ـە لە ناو ڕێکخستنەکانی سیستەمەکەدا.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە Windows 11 تاکە سیستەمی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتە کە تاوەکو ئێستا نوێکردنەوەی بێبەرانبەر وەردەگرێت، دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025 پاڵپشتییەکانی Windows 10 کۆتاییان پێهات.

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.