Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 18:38

ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێکی بڵاوکرده‌وه‌

به‌سه‌رپه‌رشتی سەرۆك مسعود بارزانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووه‌وه‌
کوردستان TV
100%

به‌سه‌رپه‌رشتی سەرۆك مسعود بارزانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووه‌وه‌ بارودۆخی ئێستای ھه‌رێمی كوردستان وعێراق به‌گشتی تاتوێكراو، دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوكرایه‌وه‌:


راگەیاندراوی كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان
 
بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆك و هەڤاڵان ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و یەدەك و بەرپرسی لق و مەكتەبەكان كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەنجام درا. سەرەتا یادی كۆچی دوایی هەڤاڵا مامۆستا عەلی عەبدولڵا, جێگری پێشووی سەرۆك و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتیمان كرایەوە. هەروەها سڵاوی نارد بۆ گیانی پاكی هەڤاڵی شەهید وەحید باكۆزی، بەرپرسی لقی هەڤدەی پارتیمان و سەرجەم شەهیدانی ئەمدواییەی بەرگریكردن و، ئەم بابەتانەی خوارەوەی خستە بەرباس و گفتوگۆكردن:

یەكەم: هێرشی حەشدی شەعبی و سوپا بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە شەوی 15/16ی ئۆكتۆبەری 2017، بەهۆی خیانەت و دەستكێشی و رێككەوتنی ژێربەژێری چەند كەسێك لەناو حزبێكی كوردستانی، هەروەكو لە بەیانەكانی بەرپرسانی ئەو حزبە بەراشكاوی ئاماژەیان پێ كردوە, كە بووە هۆی كارەسات بۆ شاری كەركوك و چەندین ناوچەی دیكەو تا ئاوارەبوونی دەیان هەزار خێزانی كوردو عەرەب و توركمان, هەروەها شەهیدو برینداربوونی ژمارەیەكی زۆری خەڵكی سڤیل بەتایبەتی لە شاری دوزخورماتوو، خانەقین، كەركوك و دەوروبەریان.. ئەوەی كە بەخوێن و خەباتی چەندین ساڵە بەدەست هاتبوو بەچەند سەعاتێك خرایە بەر مەترسیی بەفیڕۆدان، هەرچەندە بەم پیلان و سیاسەتە ناسنامەی ئەو ناوچانە ناگۆڕدرێت و وەكو چۆن سیاسەتی تەعریب لە پێشوودا سەركەوتوو نەبووە، لەمەودواش سەركەوتوو نابێت.
ئەم هەرزەرەفتارانە كە بە پشتیوانیی چەند لایەنێكی دەرەكی ئەنجام درا، بووە هۆی سەرەتایەك بۆ ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپا هێرش بكەنە سەر شوێن و شاری دیكەی كوردستان و دانیشتوانیان ئاوارە بكەن بەتایبەتی و، گوشار بخەنە سەر هەرێم لە هەموو روویەكەوە بەگشتی.

ئەو پیلان و هێرشانە، لەوە ناچێت لەرەنگدانەوەی ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بووبن، بەڵكو بە بەرنامەیەكی پێشوەختەی ئامادەكراو دەچێت كە لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئازادكردنی حەویجە دەستی پێكرد.
دووەم: هەوڵ و گوتارەكانی بەشێكی زۆر لە دەسەڵاتبەدەستانی بەغدا دوورە لە پابەندبوون بەدەستوری عێراق كە ئیدعای جێبەجێكردنی دەكەن, هەروەكو چۆن لە رابردوو چەندین مادەی دەستوریی پێشێل كرابوون، ئەمجارەش چەندین مادەی دیكەیان پێشێلكردووە.

پێشتریش رامانگەیاندووە جێبەجێنەكردنی دەستوور و تەفسیركردنی مادەكانی بەگوێرەی بەرژەوەندیی تایبەتی و بەكارهێنانی ئینتیقائیانەی مادەكانی دیكە و، بەكارهێنانی هێز لەبەرامبەر ململانێ و رای جیاواز و پشتگوێخستنی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن بۆ چارەسەریی كێشەكان عێراق تووشی كێشەو گرفتی گەورە دەكات. ئەم عەقلیەت و بیركردنەوانە لە رابردوو زۆر زیانی بەهەموو خەڵكی عێراق بەكوردو عەرەب و توركمان و نەتەوەكانی دیكە گەیاندووەو بووەتە هۆی دواكەوتن لەرووی ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و، لە ئاكامیشدا عێراق بەردەوام لە شەڕ و ناكۆكی ناوخۆیی و دەرەكیدا سەرقاڵ بووە.

ئەم شێوازە بیركردنەوانە یارمەتیدەر نابێت لە زەمینەسازیی بۆ دروستكردنی كەشوهەوایەكی لەبار بۆ یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیانی سەردەمیانەی نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكان و، بەمەش زیانمەندی یەكەم، هەموو خەڵكی عێراقە و، سوودمەندەكانیش ئەوانە دەبن كە نایانەوێ لە عێراقدا سەقامگیریی هەبێت. كۆبوونەوە، جێبەجێكردنی دەستوور و حوكمڕانیی بە تەوافوق و هاوسەنگ دووپات دەكاتەوەو بە چارەسەری كێشەكانی دەبینێ‌.

سێیەم: سەبارەت بە بارودۆخی كوردستان و پەیوەندیی نیوان لایەنە سیاسیەكان، كۆبوونەوە هەڵسەنگاندنێكی واقعبینانەی بۆ بارودۆخی ئەم قۆناغەی كوردستان كرد و بەهەستیاری لە قەڵەم دا, بەپێویستیشی زانی تەواوی لایەنە سیاسی و نەتەوەییەكانی كوردستان لە ئاستی ئەم قۆناغە هەستیارەدابن و، كێشەو گرفتەكان بەلاوە بنێن و پێكەوە بەهەست بە مەسئوولیەتی نەتەوایەتی و نیشتمانی هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكان بدەین و، بە هەموولایەك نەهێڵین گرفت و كێشەكانی سەرشانی خەڵكی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانەوە قورستربێت و، دەریچەی دەربازبوون و سووككردنی گرفتەكان بەرفراوان بكەین و قۆناغەكەش دەرباز بكەین، هەروەها بەتەبایی و یەكهەڵوێستیی  پاڵپشتی حكومەتی هەرێم بكەین وەكو لایەنی شەرعی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدراڵ، هاوكات پشتیوانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بین بۆ چارەسەری كێشە ئابووری و سیاسییەكانی ناوخۆی كوردستان.


چوارەم: كۆبوونەوە پاڵپشتیی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگەو دەزگا ئەمنیەكان دەربڕی لەبەرگری و دابینكردنی سەقامگیری. هەروەكو كۆبوونەوە رای وایە كە چارەسەری كێشەكان لە رێگای لەشكركێشی و بەكارهێنانی چەك ناكرێت. پشتیوانی خۆیشی بۆ دیالۆگی سیاسیی هەمەلایەنە و جدی نیشاندا. بۆ ئەم مەبەستە كۆبوونەوەی شاندەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدرال بەتەنیا رێگە چارە دەزانرێ. هەروەها كۆبوونەوە وێڕای سڵاو، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو بەرگری و خۆراگرییەی پێشمەرگە كە لە دوای رووداوی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كردویەتی دەربڕی.

پێنجەم: سەبارەت بەو خوشك و برایانەی كە لە ئاكامی هێرشەكانی حەشدی شەعبی و سوپا لە ماڵ و شوێنی خۆیان ئاوارەبوون, بەپێویست دەزانرێ هەموو تواناكان لە حكومەتی هەرێم، بەهاوكاری جەماوەری دڵسۆزی كوردستان بخرێنە گەڕو بەشێك لە گرفت و پێداویستیەكانیان چارەسەر و دابین بكرێ و، بەهاوتەریبی ئەمانەش بەهەموو تواناوە هەوڵی جدی و هەمەلایەنە بدرێ بۆ هەرچی زووترە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و شوێنی خۆیان.

لە كۆتاییدا, كۆبوونەوە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ رەوەندی كوردستانی لە دەرەوەی وڵات دەربڕی بۆ هەڵوێست و چالاكییان لە پاڵپشتیكردنی گەل و خاكی كوردستان.

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
7/11/2017

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.