کۆشکی سپیی ئەمریكا لەبارەی ئەگەری دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بۆ سەر ئێران رایگەیاند كە تا ئێستا سەرجەم بژاردەکان بەرامبەر ئێران بە کراوەیی ماونەتەوە.
جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریكا ئەمشەو دووشەممە ڕایگەیاند: سەرجەم بژاردەکانمان دژی ئێران لەسەر مێز هێشتووەتەوە و ئامرازە ئابوورییەکانمان زۆر بەهێزن.
لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمشەو دووشەممە ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) بڵاوی كردەوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا تاوتوێی وەشاندنی زەبر و هێرشی سنووردار لە گەرووی هورمز دەکات، بە مەبەستی ڕێگریكردن لە ئێران لە دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی کە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان تەرخانی کردوون.
ئەم پێشهاتە لە چوارچێوەی ئەو ئاڵۆزییە سەربازییانەدا دێت کە لە شەوی ڕابردووەوە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت، کە بە دەستپێکردنی هێرشی سوپای ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لارک لە پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران دەستی پێ کرد.
لە بەرامبەریشدا و بەپێی ڕاگەیەندراوی سوپای پاسدارانی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە تاران بە هێرشکردنە سەر بنكەكانی سوپای ئەمریکا لە ئوردن و ئیمارات وەڵامی دایەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.