حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق لە 20ی تشرینی دووەمی 2024، حکوومەتی فیدراڵی بەپێچەوانەی ڕێککەوتنەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بەشێوەیەکی تاکلایەنە مامەڵەی لەگەڵ ئەنجامەکانی سەرژمێری کردووە.
حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە، دیارترین پێشێلکاری، کەمکردنەوەی نایاسایی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانە لە 14.14% بۆ 12.68%، کە ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027 دروست دەکات.
دیارترین پێشێلکارییەکانی حکوومەتی فیدراڵ:
پەراوێزخستنی ڕێککەوتنەکان: ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان بەبێ پڕۆسەی بەراوردکاری لەگەڵ سەرژمێریی ساڵی 1957 و پەراوێزخستنی تیمە هاوبەشەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
دەستکاریکردنی ئامارەکان: دابەزاندنی نایاسایی ڕێژەی هەرێم بە بیانووی دەرکردنی ئاوارە و پەنابەران، لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێم تێچووی ژیانی زیاتر لە 500 هەزار کەسی ناوچە هاوبەشەکانیشی لە ئەستۆدایە، کە بەغدا لە قازانجی خۆی هەژماری کردوون.
ڕەتکردنەوەی داتا و شایستە داراییەکان: خەرجنەکردنی 13.8 ملیار دیناری تەرخانکراو بۆ خەرجییەکانی سەرژمێری لە هەرێم و پێنەدانی داتا خاوەکان و پشتگوێخستنی هەوڵە فەرمییەکانی هەرێم.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە ئەم مامەڵە تاکلایەنەیەی حکوومەتی فیدراڵی، پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکانە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.