Erbil 15°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 14:10

نێچیرڤان بارزانی: ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنین، دەبێ واز لە بەرژەوەندیی حزبی و شەخسی بێنین

كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانی گوتی: بزووتنەوەی گۆڕان بەشێکن لە پرۆسەی سیاسی لەم وڵاتەدا، ئەوان خاوەنی کۆمەڵێک کورسین لە پەرلەمانی کوردستان، بەداخەوە بۆ ئەو کێشانەی پێشتر ڕووی داوە، پێم خۆشە وەزیرەکانیان بە زووترین کات بۆ کابینەی حکوومەت بگەڕێنەوە و دەست بە کاری خۆیان بکەن. له‌باره‌ی پرۆژی یاسای بودجه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گوتی: بەپێی یاسا دەبێ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ئەو پڕۆژەیاسایە دەربکرێ، بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئێمە گفتوگۆ نەکراوە و تەنیا وەزارەتی دارایی سەرپەرشتی ئامادەکردنی ئەو ڕەشنووسەی کردووە. زۆرجار قسە لەسەر ئەوە دەکرێ کە بەغدا ئامادەیە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بدات، لێرەوە ڕای دەگەیەنم و پێشتریش باسمان کردووە، لیستەکانی ئێمە لەسەر بنەمای ئەو بایۆمەترییەی کردوومانە، ئامادەیە و ھەر کاتێک بەغدا بیەوێت مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی بدات، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵیان.

دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 6/11/2017ى ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌شنووسى یاسای بودجه‌ی گشتیی عیراق بۆ ساڵى 2018، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باسی ڕه‌وشی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی كرد.

سه‌ره‌تا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران له‌ وته‌یه‌كدا گوتی "ئێستا هه‌رێمی كوردستان به‌ قۆناغێكی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ده‌بێت به‌ هیواوه‌ سه‌یری پاشه‌ڕۆژی خۆمان بكه‌ین و دڵنیا بین له‌وه‌ی كه‌ به‌ یه‌كگرتوویی و یه‌كڕیزیی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان، ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ش تێده‌په‌ڕێنین و مه‌رجی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌كان و ئه‌وانی دیكه‌ش ببین و به‌یه‌كه‌وه‌ و به‌ یه‌ك ده‌نگ وه‌ك كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی كوردستان ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ تێپه‌ڕێنین".

هه‌روه‌ها گوتى: "دوای ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵێك شتی ناخۆش ڕوویدا و له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌مه‌وێ جه‌خت له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك بكه‌مه‌وه‌.‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا كه‌ هه‌موو گه‌لانی عیراق ده‌نگیان بۆ داوه‌،‌ وه‌ك پێشتر دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچه‌كه‌ و عیراق و هه‌رێمی كوردستان و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌شدا گفتوگۆیه‌كی جددی و ڕێكوپێك له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌نجام بدات بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به‌ ئه‌نجامێك كه‌ له‌ به‌رژوه‌ندیی هه‌موو گه‌لانی عیراقدا بێت به‌ گه‌لی كوردستانیشه‌وه‌".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "پێمان وانییه‌ كێشه‌كان به‌ ڕێگه‌ی سه‌ربازی و هێنانی سوپا چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵكو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان پێویستیان به‌ گفتوگۆیه‌كی جددی سیاسییه‌ تاكو بگه‌ینه‌ لێكگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش ده‌رباره‌ی هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی له‌ كوردستان و عیراقدا هه‌ن. پێموایه‌ چوارده‌ ساڵی ڕابردوو بۆ هه‌ردوولامان وانه‌یه‌ك بووه‌ به‌وه‌ی كه‌ به‌كارهێنانی بنه‌مای كێ له‌ چ قۆناغێكدا بێهێزه‌ و كێ له‌ چ قۆناغێكدا به‌هێزه‌؟، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكرێن، ئێمه‌ وه‌ك كێشه‌كانی ناو ماڵێك سه‌یری ده‌كه‌ین و‌ هیچ كاتێك به‌ خۆبه‌گه‌وره‌زانین و خۆسه‌پاندن به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا چاره‌سه‌ر نابن، به‌ڵكو به‌ لێكگه‌یشتن له‌گه‌ڵ یه‌كتری چاره‌سه‌ر ده‌بن و چوارده‌ ساڵی ڕابردووش هه‌ر له‌ ساڵی 2003ه‌وه‌ ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ سه‌لماندووه. له‌وانه‌یه‌ ئێمه‌ بۆچوونی زۆر جیاوازمان له‌سه‌ر شیكردنه‌وه‌ى ده‌ستوور عیراق هه‌بێت، به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌مه‌ به‌ گفتوگۆ یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه"‌.

له‌ به‌رده‌وامیی وته‌كه‌یدا گوتی "به‌داخه‌وه‌ دوێنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عیراقی په‌سه‌ند كردووه‌، ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك تێبینی زۆر جددیمان له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌یه‌‌ هه‌یه‌. له‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرا باسی قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ناكات و باسی پارێزگاكان ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ پێشێلكاریی ده‌ستووری عیراقه،‌ چونكه‌ به‌پێی ده‌ستوور قه‌واره‌ی سیاسیی كوردستان ناوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عیراقه‌ و‌ ده‌بێت هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا بكرێت. به‌پێی یاسا ده‌بێت له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عیراق قسه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكرێت و ڕێك بخرێت، به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قسه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان نه‌كراوه‌ و یه‌كلایه‌نه‌ له‌ وه‌زاره‌تی دارایی عیراق كه‌ ئێستا خودی جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق سه‌رپه‌رشتیی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كات، ئه‌و ڕه‌شنووسه‌ ئاماده‌ كراوه‌ بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا".

له‌باره‌ى پرسى مووچه‌شه‌وه‌ گوتى: "زۆر جار قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌غدا به ‌ڕاستی ئاماده‌یه‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بدات، من لێره‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نم ئه‌گه‌ر به‌غدا ئه‌و نیازه‌ی هه‌یه، دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ لیسته‌كانی ئێمه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و بایۆمه‌ترییه‌ی كه‌ ئه‌نجاممان داوه‌ ئاماده‌یه‌ و هه‌ر كاتێك به‌غدا بیه‌وێت لیسته‌كانی ئێمه‌ ببینێت، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ بۆ گفتوگۆ".

هه‌روه‌ها گوتی "هه‌روه‌ك هه‌مووتان ئاگادارن هێزێكی زۆری سوپا و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی دیكه‌ له‌ ناوچه‌كانی ڕه‌بیعه‌ و سحێلا و شوێنه‌كانی دیكه‌ كۆكراونه‌ته‌وه‌، پێمان وایه‌ ئه‌مه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پێویست نییه‌ و له‌ جیاتی ئه‌مه‌ به‌ دانیشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا چارسه‌رێكی گونجاو بدۆزینه‌وه‌ بۆ ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ له‌ نێوان ئێمه‌ و ئه‌واندا هه‌یه‌ و داوا ده‌كه‌ین ئاگربه‌ستێكی به‌رده‌وام هه‌بێت و دیالۆگێكی جددیی سیاسی له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌نجام بده‌ین تاكو بتوانین چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ له‌ده‌ستدانی به‌شێكی زۆری داهاتی نه‌وت دوای هێرشی سوپای عیراق و حه‌شدی شه‌عبی بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر دابه‌شكردنی مووچه‌ و ئاینده‌ی بۆریی نه‌وت و پاره‌ی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان، به‌رێزیان گوتی "له‌ ئه‌نجامی ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ كه‌ركووك ڕوویداوه‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كه‌مبۆته‌وه‌ و به‌مه‌ش داهات كه‌مبۆته‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێكی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتن، بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ به‌غدا مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوه‌تی دابین بكات و له‌سه‌ر پرسی نه‌وتیش پێویسته‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا دانیشین و بگه‌ینه‌ لێكگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش".

ڕاشیگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر له‌ سه‌دا حه‌ڤده‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی عیراق به‌ ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ بكرێت، ئاماده‌ین بابه‌تی نه‌وتیان ڕاده‌ست بكه‌ین و گفتوگۆ بكه‌ین، گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ك له‌ ده‌ستووری عیراقدا هاتووه‌ و به‌پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی كاتی خۆی كردوومانه‌ كه‌ دابینكردنی حه‌ڤده‌ له‌ سه‌دی بودجه‌ی عیراقه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ رێككه‌وتێكی سیاسی بووه‌، دابین بكرێت و دواتریش سه‌رژمێری دانیشتوان بكرێت و به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ به‌شی هه‌رێمی كوردستان دیاری بكرێت. پێمان وایه‌ تا ئه‌و ئاماره‌ی سه‌رژمێری ئه‌نجام نه‌درێت، شته‌كان وه‌ك خۆی بمێننه‌وه‌ و دواتر گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر كۆی كێشه‌كان له‌ گه‌ڵیشیاندا بابه‌تی نه‌وت ده‌ست پێبكه‌ین‌".

ده‌رباره‌ی یه‌گكرتووییی هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان له‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند "هه‌ڵوێستی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كه‌ خۆیان له‌ناو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بیننه‌وه‌، تا ڕاده‌یه‌كی باش له‌باره‌ی گفتوگۆ‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كگرتووه‌ و هیوادارین به‌غدا یاری به‌و كارته‌ نه‌كات، پێویسته‌ هه‌موومان، هه‌م ئێمه‌ و هه‌م به‌غدا پرسیارێكی جددی له‌ خۆمان بكه‌ین كه‌ ئایا ئێمه‌ له‌ عیراقدا ئارامیمان ده‌وێت یان نا؟ كێشه‌كانی عیراق چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێن؟ ئایا به‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن كه‌ كامیان هێزی هه‌یه‌ و كامیان نا؟ مێژووی عیراق ئه‌وه‌مان پیشان ده‌دات كه‌ كێشه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێن. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئارامی له‌م وڵاته‌دا هه‌بێت و پێكهاته‌كانی عیراق له‌ جوگرافیای عیراقدا به‌یه‌كه‌وه‌ بژین و ئاینده‌یه‌كی زۆر باش بۆ هه‌موو گه‌لی عیراق به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌ دابین بكه‌ین، كه‌واته‌ به‌ دیدی من كێشه‌كانی عیراق و ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غداشدا هه‌ن، به‌ یه‌ك پێوه‌ر چاره‌سه‌ر ده‌كرێن كه‌ ئه‌ویش گفتوگۆیه‌كی ستراتیژی و جددی به‌ مێشكێكی كراوه‌یه".

سه‌باره‌ت به‌ وه‌رنه‌گرتنی لیسته‌كانی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ و هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی ده‌رباره‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا له‌ عیراق هه‌یه‌، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "به‌داخه‌وه‌ له‌سه‌ر بابه‌تی مووچه‌ یارییه‌ك ده‌كرێت كه‌ خه‌ڵك وا تێبگه‌یه‌نن ئاماده‌ن مووچه‌ بده‌ن، چونكه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئه‌و ڕێكارانه‌ى ده‌یكه‌ن له‌دژى خه‌ڵكی كوردستان نییه، له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئاماده‌ییان نییه‌ ئه‌و مووچه‌یه‌ بده‌ن، من جارێكی دیكه‌ لێره‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نم كه‌ لیستی مووچه‌خۆرانی ئێمه‌ ئاماده‌یه‌ و گه‌ر به‌غدا ئاماده‌یه‌ مووچه‌كانیان بدات ئێمه‌ به‌یانی لیسته‌كان و بابه‌تی نه‌وتیان ڕاده‌ست ده‌كه‌ین و با بفه‌رموون مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كووردستان دابین بكه‌ن. هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی ڕوونه‌ و ئه‌و به‌یاننامانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌نراون له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی دیكه،‌ جه‌خت له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووی عیراق ده‌كه‌نه‌وه‌ و ئێمه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێنه‌كردنی دانوستان و گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌وڵی ئه‌مه‌ریكا بۆ دیداری نێوان به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و داواكردنی گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ سه‌ر كاری خۆیان، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی "تا ئێستا به‌غدا ئاماده‌ نییه‌ ئه‌و گفتوگۆ سیاسییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدات و هه‌ڵوێستی ئێمه‌ ڕوونه‌ كه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ زووترین كات ده‌ست به‌و گفتوگۆیانه‌ بكه‌ین".

ڕوونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "تا ئێستا به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هه‌وڵی ئه‌وه‌ نییه‌ دیدار له‌ نێوان من و به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقدا ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام ئه‌م خواسته‌ له‌لایه‌نی ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌ و داوا ده‌كه‌ین ئه‌و گفتوگۆیه‌ ده‌ستپێبكات و پێویست نییه‌ ئه‌و گرژییه‌ له‌ هیچ شوێنێكی كوردستان بمێنێت و ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه‌ لێكگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش. سه‌باره‌ت به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش، ئه‌وان به‌شێكن له‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌م وڵاته‌ و پێشتریش گوتوومه‌ و ئێستاش ده‌یڵێمه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان خاوه‌نی ژماره‌یه‌ك كورسیی په‌رله‌مانی كوردستانن و ناتوانین ئه‌مه‌ نادیده‌ بگرین و به‌داخه‌وه بۆ ئه‌و كێشانه‌ی پێشتر ڕوویداوه‌. ئه‌گه‌ر پرسیار له‌سه‌ر خواستی منه‌، به‌ڵی من پێمخۆشه‌ وه‌زیره‌كانیان به‌ زووترین كات بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو كابینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ست به‌ كاری خۆیان بكه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری په‌سه‌ندكردنی ڕه‌شنووسی ئێستای یاسای بودجه‌ی عیراق و ئه‌و كارتانه‌ی له‌ ده‌ست هه‌رێمی كوردستاندان بۆ پاشگه‌زكردنه‌وه‌ی به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ ده‌ستكاریكردنی و ئاینده‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌وه‌ ده‌رچین كارتی فشار له‌ دژی یه‌كتر به‌كار بهێنین، پێویسته‌ گفتوگۆیه‌ك ده‌ستپێبكه‌ین و بگه‌ینه‌ لێكگه‌یشتن له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه‌ و پێویست به‌ به‌كارهێنانی كارتی فشار له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌ ناكات".

هه‌روه‌ها گوتى: "هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی دانپێدانراوه‌، له‌لایه‌ن گه‌ل و ده‌ستووری عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ پێناسه‌یه‌كی بۆ كراوه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن هه‌رێمی كوردستانی عیراق، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و مامه‌ڵه‌ی كه‌ ئێستا ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م قه‌واره‌یه‌ به‌ ته‌واوه‌تی هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانمان‌، بڕوامان وایه‌ كه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ دانیشین و به‌ لێكگه‌یشتن ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین".

هه‌روه‌ها پرسیارى كرد "ئایا به‌پێی ئه‌م ده‌ستووره‌ ئێمه‌ به‌شێك نین له‌ گه‌لی عیراق؟ به‌ڕێز عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌موو عیراق نییه‌؟ پێویسته‌ ئه‌و وا سه‌یری شته‌كان بكات ئه‌و سه‌رۆكی حزبێك نییه،‌ به‌ڵكو سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقه‌ و ده‌بێت خه‌می ئه‌وه‌ی بێت مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان و مووسڵ و به‌سراش به‌یه‌كه‌وه‌ دابین بكات. له‌ كاتێكدا ئێمه‌ ئاماده‌ین ده‌ست به‌و گفتوگۆیه‌ بكه‌ین، ده‌بێت ئه‌ویش ئه‌و خواسته‌ی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. ده‌رباره‌ی مووچه‌ش سه‌ره‌تا زۆر سوپاسی خۆڕاگریی مووچه‌خۆران و خه‌ڵكی كوردستان له‌ ڕابردوو و له‌ ئێستادا ده‌كه‌ین و هه‌میشه‌ ئه‌وه‌مان دووپات كردۆته‌وه‌‌، هه‌موو هه‌وڵێكیش ده‌ده‌ین تا بۆمان بكرێت ده‌بێت مووچه‌كان وه‌ك خۆی بدرێت و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌‌و هه‌وڵانه‌ی خۆمان".

سه‌باره‌ت به‌ داوای به‌‌غدا بۆ ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوور‌ییه‌كان و واده‌ی سه‌ردانی شاندێكی ته‌كنیكیی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "ده‌بێت له‌ چوارچیوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان بدۆزینه‌وه‌، دستووری عیراق له‌سه‌ر پرسی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان چی ده‌ڵێت ئێمه‌ ئه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین‌، به‌ڵام نه‌ك به‌و زمانه‌ سه‌ربازییه‌ تونده‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ و ده‌ڵێن هێزی سه‌ربازیمان هه‌یه‌ و دێین، ئه‌مه‌ ناكرێت و چاره‌سه‌ر نییه‌، ده‌ته‌وێت چاره‌سه‌ری بكه‌یت؟ فه‌رموون با دانیشین و ئاماده‌ین گفتوگۆ بكه‌ین و به‌ پێی ده‌ستووری عیراق كێشه‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كانیش چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین و كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا بۆ ئێستا و نه‌وه‌كانی داهاتوومان كۆتایی پێ ده‌هێنین و پێویسته‌ ئێستا به‌غدا ئه‌و بڕیاره‌ بدات".

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند "سه‌باره‌ت به‌ چوونی شاندێك له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان خواستی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ بچین له‌گه‌ڵ حزب و هێزه‌ سیاسییه‌كانی عیراق دابنیشین و ئه‌م بارودۆخه‌یان بۆ ڕوون بكه‌ینه‌وه‌ و خواستی هه‌رێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا به‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی عیراق بگه‌یه‌نین، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وی له‌ كێشه‌كان و چۆنییه‌تی چاره‌سه‌ركردنیان تێبگه‌ن".

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی نه‌مانی ده‌رفه‌تی گفتوگۆ له‌ ئه‌گه‌ری په‌سه‌ندكردنی ڕه‌شنووسی ئێستای یاسای بوجه و ڕاستیی بانگه‌شه‌ی به‌غدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان ڕێككه‌وتنێكی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "هیچ ڕێككه‌وتنێكی سه‌ربازی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نه‌بووه‌ و هیچ ڕێككه‌وتنێكیش واژۆ نه‌كراوه‌ و هه‌رێمی كوردستان له‌ هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ به‌غدا په‌شیمان نه‌بۆته‌وه‌، گفتوگۆیه‌كی سه‌ربازی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عیراقدا هه‌یه‌، به‌ڵام هیچ ڕێككه‌وتنێك واژۆ نه‌كراوه.

دووپاتیشى كرده‌وه‌ "به‌ بۆچوونی ئێمه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشانه‌ سه‌ربازی نییه‌ و پێوسته‌ بوار به‌ چاره‌سه‌ری سیاسیی كێشه‌كان دوور له‌ توندوتیژیی سه‌ربازی بدرێت‌. هیوادارم به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق پێداچوونه‌وه‌ بۆ ڕه‌شنووسی یاسای بودجه‌دا بكات و هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتیی خۆی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بكات و له‌ خه‌می هه‌موو خه‌ڵكی عیراقدا بێت به‌ هاووڵاتیانی كوردیشه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جددی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكات و ئه‌گه‌ر به‌ ڕاستی ئه‌وان كورد و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ عیراق ده‌بینن، سیاسه‌تی برسیكردنی خه‌ڵكی كوردستان په‌یڕه‌و نه‌كات، چونكه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ له‌ به‌رژوه‌ندیی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و هیچ كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسیی عیراقدا نییه‌".

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌رى سه‌ردانی به‌ڕێزیان بۆ توركیا و ئه‌جێندای سه‌ردانه‌كه‌یان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "تا ئێستا واده‌یه‌ك بۆ سه‌ردانی توركیا دیاری نه‌كراوه‌. ده‌خوازین‌ سه‌ردانی توركیا و هه‌موو وڵاتانی دراوسێ بكه‌ین و ده‌مانه‌وێت دانوستان بكه‌ین و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و ئاره‌زووی خۆمان بۆ ئاشتی و لێكگه‌یشتن نیشان بده‌ین هه‌روه‌ك پێشتر نیشانمان داوه. توركیا یه‌كێك له‌ وڵاته‌ گرنگه‌كانی دراوسێى ئێمه‌یه‌ و له‌ ساڵانی هه‌شتاكان كه‌ چه‌كی كیمیاوی له‌و سنووره‌ دژی خه‌ڵكی كوردستان به‌كارهێنرا، توركیا ده‌رگای بۆ ئێمه‌ كرده‌وه‌ و له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا یارمه‌تیی ئێمه‌ی داوه‌ و ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاوه‌ و یارمه‌تی و هاوكاریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیشمان له‌به‌رچاوه".

جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "حكوومه‌ت و گه‌لی هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازن به‌ ئاشتی له‌گه‌ڵ دراوسیكانیان بژین و فاكته‌ری ئارامی بن له‌ ناوچه‌كه‌دا و له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وام بن، به‌تایبه‌تی توركیا كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باشمان له‌گه‌ڵی هه‌بووه‌ و ئێستاش هه‌مان خواستمان هه‌یه‌ گفتوگۆ و دانیشتن له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران بكه‌ین و ئه‌وانیش یارمه‌تیده‌ری ئێمه‌ بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا. پێویسته‌ به‌غدا وا بیر نه‌كاته‌وه‌ كه‌ ئێستا ده‌رفه‌تێكی بۆ هاتوته‌ پێش و ئه‌و مافانه‌ی له‌ ده‌ستووردا بۆ گه‌لی كورد جێگیركراوه‌ لێی وه‌رگرنه‌وه،‌ ئه‌مه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی ترسناكه‌ و هیوادارم ئه‌وه‌ ڕوونه‌دات".

هه‌ر له‌باره‌ى په‌وه‌ندییه‌كانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵاتی توركیا و ئێران، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا هه‌یه‌ و من شه‌خسی خۆم له‌سه‌ر هێڵم له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵات و هه‌وڵم داوه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بم له‌ هه‌وڵه‌كانم، ئه‌گه‌ر ئه‌وان خواستیان هه‌بێت ئاماده‌ین شاند بنێرین و سه‌ردانیشیان بكه‌ین".

ده‌رباره‌ی دۆخی كه‌ركووك و شه‌نگال و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی "چاره‌سه‌ری ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ ماده‌یه‌كی ده‌ستووری عیراقدا به‌ ڕوونی باس كراوه‌ و میكانزمه‌كه‌شی دیاری كراوه و‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌مه‌ جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ جێناكۆكن جا چ ئێمه‌ یان به‌غدای تێدا بێت و ده‌بێت به‌پێی ئه‌و میكانزمه‌ی له‌ ده‌ستووری عیراقدا هاتووه‌ كه‌ مادده‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌، كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن".

هه‌روه‌ها گوتى: پشتگیری له‌وه‌ ده‌كه‌ین ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆیان، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك بارودۆخه‌كه‌ هێور ببێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانین ئێستا كێشه‌ی زۆر له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی وه‌ك كه‌ركووك و دووزخورماتوو، تاكو دڵنیا نه‌بن كه‌ گیان و ماڵیان پارێزراوه‌، ئه‌سته‌مه‌ خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنی خۆیان".

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.