Erbil 14°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 11:24

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێکی بڵاوکرده‌وه‌

داوا له‌ به‌غدا ده‌كات تاكلایه‌نه‌ بودجه‌ په‌سند نه‌كات
کوردستان TV
100%

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ، داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ ده‌كات ، ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 په‌سه‌ند نه‌كه‌ن كه‌ تاكلایه‌نه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقی فیدراڵه‌وه‌ ئاماده‌ كراوه‌ به‌بێ ‌به‌شداریپێكردنی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان جارێكی تر داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ ده‌كات كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیاندا ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 په‌سه‌ند نه‌كه‌ن كه‌ تاكلایه‌نه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییی عێراقی فیدراڵه‌وه‌ ئاماده‌ كراوه‌ به‌بێ ‌به‌شداریپێكردنی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسای فیدراڵیی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی ژماره‌ 95ی ساڵی 2014 و مادده‌كانی 105 ـ 106 و 121ی ده‌ستوور كه‌ به‌شداریكردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی هه‌رێمی كوردستان گه‌ره‌نتی كردووه‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانی فیدراڵدا‌، ئه‌ویش به‌ ڕه‌چاوكردنی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌:

-1 ئه‌و ڕه‌شنووسه‌ به‌بێ به‌شداریپێكردنی هه‌رێمی كوردستان و به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ده‌ستوور و یاسا فیدراڵییه‌كان ئاماده‌ كراوه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ له‌ ڕه‌شنووسه‌كه‌دا قه‌واره‌ی ده‌ستووری و یاساییی هه‌رێمی كوردستان فه‌رامۆش كراوه‌ و تازه‌ به ‌تازه‌ (هه‌رێمی كوردستان - عێراق) به‌ (پارێزگاكانی باكووری عێراق) له‌ ڕه‌شنووسی یاساكه‌ ناوده‌به‌ن و ناوی (حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان)یش به‌ (حكوومه‌تی پارێزگاكان) و ناوی (وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان)یش به‌ (وه‌زاره‌تی دارایی پارێزگاكان) هاتووه‌، سه‌ره‌ڕای ناوهێنانی (دیوانی چاودێریی هه‌رێمی كوردستان) به‌ (دیوانی چاودێریی پارێزگاكان) كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی سه‌رپێچیی جه‌وهه‌رین له‌ ده‌ستووری عێراق، به‌تایبه‌تی بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی (117) و بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی (121)ی ده‌ستووره‌ كه‌ دانی به‌ هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌كانیدا ناوه‌ وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵی و مافی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری به‌ هه‌رێمی كوردستان داوه‌، نه‌ك وه‌ك پارێزگا.

-2 كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار له‌ دوای ساڵی 2005ه‌وه‌ له‌ ڕێژه‌ی (17%) بۆ ڕێژه‌ی (12.67%)، ئه‌مه‌ش سه‌رپێچییه‌ له‌ بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌ مادده‌ی (121)ی ده‌ستوور كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر حكوومه‌تی فیدراڵ پشكێكی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ داهاته‌ فیدراڵییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان بكات به‌ ڕه‌چاوكردنی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێم و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌ عێراق سه‌رژمێریی دانیشتوان نه‌كراوه‌، به‌ ڕێككه‌وتنی هه‌ردوولا ڕێژه‌ی دانیشتووانی هه‌رێم به‌ 17%ی دانیشتوانی عێراق دیاری كراوه‌، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ساڵانه‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ یاساكانی بودجه‌ی عێراقدا جێگیر كراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ ساڵێك هه‌رێمی كوردستان به‌ فیعلی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌هۆی زیادبوونی به‌رچاوی ساڵانه‌ی خه‌رجییه‌كانی سیادی به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌رێم ڕۆڵی له‌ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و خه‌رجییانه‌دا هه‌بێت،‌ یان پشكی وه‌رگرتبێت، كه‌ بۆ ساڵی 2018 بڕی (43) تریلیۆن و (110) ملیار دینار ته‌نها بۆ خه‌رجییه‌كانی سیادی ته‌رخان كراوه‌، كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی (39%)ی بودجه‌ی گشتیی عێراق و له‌ دوای داشكاندنی خه‌رجییه‌كانی سیادی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم ده‌بێته‌ نزیكه‌ی (6.3%)، بۆیه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان هیچ بنه‌مایه‌كی ده‌ستووری نییه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ هاوبه‌شه‌دا ئه‌نجام دراوه‌.

-3 به‌خشینی ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌وخۆ به‌ پارێزگاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌ی فیدراڵیدا و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پارێزگا نه‌ك وه‌ك هه‌رێم كه‌ ته‌نها مه‌به‌ست لێی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ناده‌ستووریی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ له‌ ڕووی پراكتیكه‌وه‌ هیچ سوودێك به‌ هاووڵاتییانی هه‌رێم ناگه‌یه‌نێت، سه‌ره‌ڕای فه‌رامۆشكردنی دانپێنان به‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئه‌مانه‌ش هه‌مووی پێچه‌وانه‌ی بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی (117) و بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی (121)ی ده‌ستووره‌ و مامه‌ڵه‌كردنی هه‌رێمی كوردستانه‌ وه‌ك هه‌ر پارێزگایه‌كی تری عێراق نه‌ك وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵیی دانپێدانراو به‌پێی ده‌ستووری عێراق، سه‌رپێچییه‌ له‌ ده‌ستوور.

-4 بڕگه‌ی (چواره‌م) له‌ مادده‌ی (126) له‌ ده‌ستوور، ڕێگه‌ نادات ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كانه‌وه‌ كه‌م بكرێنه‌وه‌ یان سنووردار بكرێن، ته‌نانه‌ت ده‌ستوور ڕێگریشی كردووه‌ له‌ هه‌ر هه‌موارێكی ده‌ستووری كه‌ ببێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

سه‌ره‌ڕای ئه‌و سه‌رپێچییه‌ ده‌ستوورییانه‌ی سه‌ره‌وه‌، له‌گه‌ڵ دووپاتكردنه‌وه‌ی پێشوازیكردنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ستپێشخه‌ریی به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكوومه‌تی فیدراڵ بۆ دابینكردنی مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت له‌ خشته‌ی (ج)ی هاوپێچی ڕه‌شنووسی یاساكه‌ تایبه‌ت به‌ ده‌ستنیشانكردنی هێزی كاری كه‌رتی گشتی، ژماره‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی ساڵی 2017 به‌ (682) هه‌زار و (21) مووچه‌خۆر ده‌ستنیشان كراوه‌ و بڕی ته‌نها (206) ملیار دیناریان مانگانه‌ بۆ ته‌رخان كراوه‌ و ته‌نها بڕی (128) ملیار دیناریش مانگانه‌ بۆ ته‌رخانكراوی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌رخان كراوه‌ كه‌ (خانه‌نشینان، كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، كه‌مئه‌ندامان، سوودمه‌ندانی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی) ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ كۆی گشتیی مانگانه‌ ده‌كاته‌ (334) ملیار دینار، له‌ كاتێكدا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا (1) ملیۆن و (249) هه‌زار و (481) مووچه‌خۆر هه‌یه‌ و بڕی پاره‌ی پێویستیش بۆ یه‌ك مانگی مووچه‌كانیان ده‌كاته‌ (897) ملیار و (500) ملیۆن دینار. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ژماره‌ی مووچه‌خۆران به‌پێی ڕه‌شنووسی بودجه‌ی فیدراڵی 2018 هه‌مان ژماره‌یه‌، به‌ڵام به‌ به‌راورد به‌ ساڵی 2017 بڕی (1) تریلیۆن و (321) ملیار دیناری لێ داشكێندراوه‌ به‌بێ ده‌ستنیشانكردنی بنه‌مای ئه‌م داشكاندنه‌.

داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ ده‌كه‌ین بواری دانوستان بڕه‌خسێنێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی داڕشتنه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی یاسای بودجه‌ی فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و هه‌ڵگرتنی هه‌موو ئه‌و سه‌رپێچییه‌ ده‌ستوورییانه‌ی له‌ ڕه‌شنووسه‌كه‌دا هه‌ن و دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان و بنه‌مای شه‌راكه‌ت و پێكه‌وه‌ ژیانن له‌ عێراقدا و دابینكردنی پشكی دادپه‌روه‌رانه‌ی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان به‌م ڕێژه‌ گه‌وره‌یه‌ سزادانی به‌كۆمه‌ڵی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانه‌.

 

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

5/11/2017

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.