جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەدات کە بەلێشاو عەرەبی سوننە لە دیالە و سەلاحەدینەوە بۆ کەرکووک دەھێنرێت و ناسنامەیان دەکرێتە کەرکووک.
شاخەوان عەبدولڵا، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە باسنیوزی ڕاگەیاند: "ھەرچەندە بەدرێژای 30 ساڵ حکوومەتی بەعس تەعریبی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی کرد و عەرەبی بۆ ھێنا، بەڵام ئێمە بە ماوەی یەک ساڵ توانیمان ئاسەواری تەعریبەکە بە ناوچەکەوە نەھێڵین و لە 25ی ئەیلوولیش تاپۆی کوردستانی بوونی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەمان خستە گیرفانمان، بۆیە 100 ساڵی دیکەش بگەڕێینەوە و یەک کوردیش لەو ناوچانە نەمابێ ھەر کوردستانین و دەوڵەتی کوردستانیش بەبێ ئەو ناوچانە ڕاناگەیەنرێ".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستەڕوو، کە ھەموو ئەو بڕیارانەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان بەبێ ئامادەبوونی کورد و دوور لە ھەر ڕێککەوتنێک دراون، بۆیە ھەموویان نایاساین ڕۆژێک بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ھەموویان دەدرێ، گوتیشی: "سیاسەتی تەعریبکردن کاتییە و عێراقیش خۆی لەوە تێگەیشتووە کە کارێکی ھەرزەکارانە دەکات.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئەوەشی ڕوون کردەوە، کە پێشتر لێژنەی مادەی 140 بڕیارێکی دەرکرد بۆ ڕاگرتنی ڕاگواستن تا ئەو کاتەی کوردەکان دەگڕێنەوە زێدی خۆیان و عەرەبەکانیش دەگەڕێنرێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان، بەڵام ئەو بابەتە جێبەجێ نەکرا و دۆخەکەش ئاسای نەبووەوە، بۆیە ئێستا دیسانەوە دەستیان بە ھێنانی لێشاوی عەرەبی سوننە لە دیالە و سەلاحەدین بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان کردووە و ناسنامەیان دەکرێتە کەرکووک".
ئاشکراشی کرد: "ئەوەی جێگەی سەرنجە، عەرەبە سوننەکان نازانن کە شیعە لە شوێنی ئەوان لە دیالە و سەلاحەدین دادەنرێت، تاکە ئامانجیش ئێستا بەتەنیا کەرکووک نییە، بەڵکو ناوچەکانی دیکەشە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.