Erbil 24°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 08:44

ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ: ئەو بەرپرسانەی حەشد لە شنگال دایناون شەرعی نین

ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ: مامەڵە لەگەڵ ئەوانەی پێشووتر دەکەین
کوردستان TV
100%

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت، ئەو بەرپرسە ئیدارییانەی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای شنگال دایناون شەرعی نین و ئەوان لەگەڵ بەرپرسانی پێشوو مامەڵە دەکەن، بەڵام بە ھۆی نەبوونی ئەمنییەت ئەو بەرپرسانە ناوچەکانی خۆیان جێ ھێشتووە.

حەشدی شەعبی کاتێک ھاتن بۆ سنووری قەزای شنگال دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرت و ھێرشیان کردە سەر خەڵکی ناوچەکە و بەرپرسە ئیدارەییەکانی شنگال، قایمقامی شنگال و بەڕێوبەری ناحیەی سنوونێ و بەڕێوبەری ناحیەی قەیرەوان و بەڕێوبەری ناحیەی گرعوزێریان لە پۆستەکانیان دوور خستەوە و ھەندێک کەسی سەربازیی خۆیان بۆ ئەو پۆستانە دیاری کرد و، بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ ئەو کارەیان ئەنجام دا.

بەرەکات شەمۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کاتێک حەشدی شەعبی ھاتووە بۆ شنگال بە ھۆی نەمانی ئەمنییەت بەرپرسە ئیدارەییەکانی قەزای شنگال ئیدارەی شنگالیان بۆ سنووری دھۆک گواستووەتەوە، ئەوانیش لەخۆیانەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا قایمقام و سێ بەڕێوبەری ناحیەی شنگالیان داناوە و ئەوانەی پێشووتریشیان لاداوە، کە ئەمەش پێچەوانەی یاسایە و ئەوبەرپرسە ئیدارییانەی دانراون، شەرعی نین و ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەوانەی پێشووتر دەکەین.''

لەبارەی ئەوەی ئەوان چ ھەنگاوێک بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە دەنێن، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ گوتی: ''من خۆم لەگەڵ قایمقام و ھەرسێ بەڕێوبەری ناحیە و سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگال کۆ بوومەتەوە و نامەیەکیان ئامادە کردووە و بڕیارە ئاراستەی حکوومەتی عێراقی بکەین، بۆ ئەوەی ئەمنییەت بۆ ئەو ناوچانە دروست بێت و بەرپرسە ئیدارییەکان بگەڕێنەوە بۆ سەر کاری خۆیان، لەبەر ئەوەی ناکرێت لەخۆیانەوە بەرپرسی ئیداری بگۆڕن و جگە لەوەش، ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەوبارەیەوە ئەنجام دەدات.''

لەبارەی ئەوپێشێلکاریانەی حەشدی شەعبی لە ناوچەکە ئەنجامیان داوە، (شەمۆ) باسی لەوە کرد: ''حەشدی شەعبی کاتێک ھاتنە ناوچەکە پێشێلکاریی زۆریان ئەنجام دا و کێشە بۆ خەڵک دروست دەکەن و دەچنە سەر ماڵان و تاڵانیان دەکەن و کێشەی زۆریان بۆ ناوچەکە دروست کردووە و ئەمنییەتی خەڵکیش پارێزراو نییە.''

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.