Erbil 14°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 14:55

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ رێککه‌وتن چه‌ند خاڵێکی پێشکه‌ش به‌ به‌غدا کردووه‌

گفتوگۆی سیاسی تاكه‌ رێگه‌یه‌ بۆ دامركاندنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌
کوردستان TV
#7
100%

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ داوایكردووه‌ هێزی هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان جێگیر بكرێت، تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ی  مادده‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌و ناوچانه‌ له‌ ده‌ستووردا جێبه‌جێده‌كرێت.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌دا راشیگه‌یاندووه‌، له‌ 31-10-2017ـه‌وه‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئه‌م خاڵانه‌یان پێشكه‌ش به‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق كردووه‌.

1- ئاگربه‌ست له‌ هه‌موو به‌ره‌كان

2- هاوئاهه‌نگی به‌رده‌وام و بوونی میكانیزمی هاوبه‌شی ئه‌منی و سه‌ربازی له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق له‌ شه‌ڕی به‌رده‌وام دژ به‌ داعش.

3- جێگیركردنی هێزی هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، تاوه‌كو مادده‌ی په‌یوه‌ندیدار (به‌م ناوچانه‌) له‌ ده‌ستووری عێراق جێبه‌جێده‌كرێت.

4- ده‌ستپێكردنی دانوستاندنی سیاسی، دروستكردنی چه‌ند لیژنه‌یه‌ك له‌نێویاندا لیژنه‌ی ئیداری، یاسایی و سه‌ربازی به‌ گونجاندن له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراق و له‌ژێر چاودێری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا.

5- بوونی هێزی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌، سوپای عێراق و نوێنه‌رایه‌تی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ پێشخابوور- وه‌ك نیازپاكییه‌ك و دروستكردنی متمانه‌. هه‌روه‌ها بوونی دڵنیایی له‌ رێككه‌وتنێكی سنووردار و كاتی تاوه‌كو به‌ گونجاندن له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراق رێككه‌وتنێك ئه‌نجامده‌درێت.

له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت :پێشوازی له‌ ئاگربه‌ستی هه‌میشه‌یی له‌ هه‌موو به‌ره‌كان وه‌ستاندنی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه‌كان و هه‌روه‌ها ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی سیاسی به‌ نیه‌تێكی باش، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌كه‌ین.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دووپاتیده‌كاته‌وه‌ : گفتوگۆی سیاسی تاكه‌ رێگه‌یه‌ بۆ دامركاندنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌، نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ و تۆمه‌تی بێبنه‌ما. جه‌ختیشیكردووه‌ته‌وه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ گفتوگۆی بێمه‌رجه‌ بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كان.

له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق ده‌كات هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، سوپای عێراق و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ چه‌كی قورس، له‌نێویاندا چه‌كی ئه‌مریكی پڕ چه‌ك كراون له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئه‌وه‌ش پێشلكارییه‌كی ئاشكرای ده‌ستووری عێراقه‌، كه‌ تێیدا هاتووه‌ : نابێ هێزی چه‌كدار بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌ نێوخۆییه‌كان به‌كاربهێندرێن.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ پێگه‌ی به‌رگریدان بۆ پارێزگاریكردن له‌ شكۆی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وامیش ده‌بن له‌ پارێزگاریكردن له‌ ژیان و به‌رژوه‌ندییه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.