Erbil 31°C شەممە 29 ئاب 23:23

 عەلی زەیدی فەرمانی سزادانی ئەنجامدەرانی ڕووداوەکەی "دۆرە" دەدات

کوردستان TV
100%

 عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، زنجیرەیەک ڕێنمایی و فەرمانی نوێی ئاڕاستەی دەزگا ئەمنییەکان کرد سەبارەت بەو ڕووداوە خوێناوییەی لە ناوچەی "دۆرە" ڕوویدا.

سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) بڵاویکردووەتەوە، ماتەمینی خۆی بۆ شەهیدبوونی 2 کارمەندی قارەمانی هێزە ئەمنییەکان ڕاگەیاند. شەهیدەکان پێکهاتوون لە (عەمید هیشام محەمەد تەلاع) بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ئەمایە لە کەرخ، و کارمەند (خالید عەباس لەفتە)، کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانی و یاساییاندا بۆ لادانی زێدەڕۆیی لە ناوچەکانی دۆرە، کەرارە و گەڕەکی دیجلە، لەلایەن گروپێکی لە یاسا دەرچووەوە کرانە ئامانج.

زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە "خوێنی پاکی ئەم شەهیدانە بەفیڕۆ ناچێت" و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە هێرشانە حکومەت سارد ناکەنەوە لە بەردەوامبوون لەسەر چەسپاندنی سەروەریی یاسا و ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی یاری بە ئاسایشی وڵات و هاووڵاتیان دەکەن.

گرنگترین بڕیار و فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی:

- گەمارۆدانی ناوچەی ڕووداوەکە و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنین.

- ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاون لەم کارە تاوانکارییە و ڕادەستکردنیان بە دادگا.

- گرتنەبەری توندترین ڕێکار بەرامبەر هەر کەسێک کە هێزە ئەمنییەکان یان دامەزراوەکانی دەوڵەت بکاتە ئامانج.

- چاودێریکردنی وردی باری تەندروستی بریندارانی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانبەرانی شارەوانی بەغداد.

سەرۆک وەزیران لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا دووپاتی کردەوە کە هیچ کەمتەرخەمییەک لە بەرامبەر پاراستنی شکۆی یاسا قبوڵکراو نییە و دەزگا ئەمنییەکان بە توندی وەڵامی هەر هەوڵێک دەدەنەوە کە ئارامیی پایتەخت تێک بدات.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.