وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا خولێکی نوێی سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانكۆیی بكاتهوه، بۆ ئەو خوێندکارانەی کە نمرەکانیان لەنێوان (60 بۆ 80)یە و لە هیچ شوێنێک ناویان نەهاتووهتەوە.
بهپێی راگهیهنراوێكی وهزارهتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کە تێیدا هاتووە، له كۆبونهوهیهكدا بڕیاردراوه ههر ئەمڕۆ لیستی ناوی وەرگیراوان بە ڕێگەی زانکۆلاین و سیستمی ڕاستەوخۆ ڕەوانەی سەرجەم زانکۆکان بکرێ، لەگەڵ کەمترین کۆنمرەی وەرگیراو بۆ ساڵی خوێندنی (2017-2018) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بەڕێگەی زانکۆلاین، بۆ ئەوەی خوێندکاران دەست بەمامەڵەی وەرگرتن بکەن.
بۆ کێشەی ئەو خوێندکارانەی کە نمرەکانیان لە نێوان (60 بۆ 80)یە و لە هیچ شوێنێک ناویان نەهاتووهتەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بەپێی ڕێنماییە پەسندکراوەکان خولێکی نوێی سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆ بۆ ئەو خوێندکارانە بکاتەوە بەتایبەت لەو بەشانەی کە کورسی خوێندنیان بە بەتاڵی ماوەتەوە، بۆ ئەوەش ڕێکەوتی (5 تا 9/11/2017) بۆ پێشکەشکردن دیاریکرا، ڕێکەوتی (12/11/2017)بۆ ڕۆژی تاقیکردنەوە لەو بەشانە دیاریکرا، لەهەمانکاتدا زانکۆکان ناوی سەرجەم ئەو بەشانە بڵاودەکەنەوە کە خوێندکاران دەتوانن داواکاری تێدا پێشکەش بکەن.
هەر لەو بارەیەوە محهمهد سابیر، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون ڕای گەیاندووە، ئەمساڵ لە (382) بەشی زانستی دەرچوانی پۆلی دوانزە بەسیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی داوای وەرگرتنیان پێشکەشکرد، لە (158) بەشی زانستی دیکەش وەرگرتن بە ڕێگەی زانکۆلاین بووە و لە (80) کەمتر وەرنەگیراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ژمارەی داواکاری زۆر بووە و بەشەکانیش کەمبووە.
گوتیشی: "جگە لەوەش زیاتر (1300) خوێندکار سەرباری ئەوەی نمرەیان لەنێوان (80 بۆ 97)ە بەهۆی ئەوەی لیستی داواکارییەشەکانیان کەمبووە لەهیچ شوێنێك وەرنەگیراون، بەڵام وەزارەت لەم ڕۆژانەدا بەپێی نمرەکانیان و پلانی زانکۆکان دوای ئەوەی خوێندکاران سکاڵا تۆماردەکەن بەسەر بەشەکانی زانکۆلاین دابەشیان دەکاتەوە".
وەزارەتی خوێندنی باڵا، سەبارەت بەسکاڵاکان ئەوەی خستەڕوو، کە بڕیاردرا ئەمڕۆ، لەسەر وێبسایتی زانکۆلاین تۆمارکردنی سکاڵا کارا بکرێت، بۆیە خوێندکاران دەتوانن تا سەعات (12)ی شەوی هەینی ڕێکەوتی (3/11/2017) بەشێوەی ئۆنلاین سکاڵا تۆمار بکەن، بۆ سکاڵاکردن سەبارەت بەسیستمی ڕاستەوخۆی زانکۆیی بڕیاردرا تا رۆژی سێ شەممەی داهاتوو ڕێکەوتی (7/11/2017) خوێندکاران دەتوانن سکاڵا لە تۆماری کۆلێژەکان تۆمار بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.