Erbil 28°C شەممە 28 ئەیلوول 01:11

ناتانیاهۆ بۆ پووتین: ئاسمانی سووریا بۆ پاراستنی کورد بەکاردێنم

ئیسرائیل بۆ پشتیوانی لە کوردستان دەستی بە جموجۆڵ کردووە
کوردستان TV
100%

شرۆڤەکارێکی کاروباری رووسیا دەڵێت، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیای گوتووە هەرێمی کوردستان لە هێرشی میلیشاکانی ئێران دەپارێزێت و ئەگەر پێویست بکات فڕۆکە هەڵدەستێنێت و ئاسمانی سووریا بەکاردێنێت.

ماکسی سوچکۆف، سەرنووسەری دۆسیەی رووسیا لە ماڵپەڕی بەنێوبانگی "ئەلمۆنیتەر"، لە چەند توویتێکدا باسی لەوە کردووە کە ئیسرائیل بۆ پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ رووسیا دەستی بە جموجۆڵ کردووە.

بەگوتەی سوچکۆف، لە رووسیا بانگەشە بۆ ئەوە دەکرێت کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رۆژی 18-10-2017 ی نێوان ناتانیاهۆ و پووتیندا کە کرێملین ئاماژەی بەوەدا باسی ریفراندۆمى کوردستانیان کردووە.

ناتانیاهۆ بە پووتینی گوتووە، یەکێک لە بژاردەکانی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هەر ‌هێرشێکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و ناردنی هاوکاری، بەکارهێنانی ئاسمانی سووریا دەبێت، تەنانەت بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی سەربازیش.

ئەو شرۆڤەکارە باسی لەوەش کردووە کە رووسیا باوەڕی وایە بەشداری ئیسرائیل لە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا کارێکی باش نییە و لەجیاتی چارەسەرکردن کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات، باوەڕیشی وایە دەبێتە مەترسی بۆ وەبەرهێنانی رووسیا لە بواری وزە لە کوردستان.

بەڕای ئەو شرۆڤەکارە، بەغدا بە پەیوەندییەکانی رووسیا و کوردستان رازی نییە، بۆیە بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق بچێتە مۆسکۆ و لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەن.

ماکسی سوچکۆف ئاماژەی بەوەش داوە کە بەپێی سەرچاوەکان لە رووسیاوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەمڕۆی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا باسی کوردستان کراوە، هەرچەندە کرێملین لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی پێنەداوە باسی هەرێمی کوردستان کرابێت.

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی هەینی 20-10-2017، ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دژی هێرشەکانی سوپای عێراق بەرامبەر بە کورد، لەنێو سەرکردەکانی جیهان لۆبی بۆ پرسی کورد دەکات. ئاماژەی بەوەش دابوو کە ناتانیاهۆ جگە لە پووتین، پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵیش ئەنجامداوە.


كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.