لە بەیاننامەیەکدا کە بەناوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی عێراقی بڵاو کراوەتەوە، کۆمەڵێک چەواشەکاری تێدایە کە مەبەستی شاردنەوەی ڕاستییەکانە.
یەکەم: پێش هەموو شتێک، بەر لە پەلامارەکەی دوێنێی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، پردێ شارۆچکەیەکی ئارام و جێی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی کورد و تورکمان بووە و بەهیچ شێوەیەک جگە لە دامودەزگە فەرمییەکان، هیچ هێزێکی لێ نەبووە و ئەوە درۆیەکی شاخدارە کە گوایە هێزی بیانی لێ بووە و دانیشتوان داوای هاتنی هێزی عێراقییان کردبێت و بەو بیانووە پەلاماری ئەو شارۆچکەیان داوە.
دووەم: هێزی پێشمەرگە لە شوێنەکانی خۆی بووە و دەستپێشخەری شەڕ نەبووە و تەنها بەرگریی کردووە و توانیویەتی ڕێگە لە پەلامار و پێشڕەوی ئەوان بگرێت و هێرشەکەیان تێکبشکێنێت.
سێیەم: وەک دوینێش ناوی هێزە بەشداربووەکانی ئەو پەلامارەمان ڕاگەیاند، ژمارەی زۆری کوژراو و بریندارەکانیان بەڵگەن و دەری دەخەن کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سەرپەرشتیار و بەشداری سەرەکیی ئەو پەلامارە بوونە و بەو جۆرە بەیاننامانە ناتوانن شکستی ئەو هێزەیان بشارنەوە و بیخەنە ئەستۆی هێزی تری عێراقی.
چوارەم: تۆمەتی بەکارهێنانی چەکی میلان ڕەت دەکەینەوە، بەڵام ئێمە دەپرسین: میلیشیایەکی وەک حەشدی شەعبی، تانکی ئابرامز و T72 و هەمەر و چەکی پێشکەوتووی ڕۆژئاوایی لەکوێ بوو و بە چ مافێک دژی گەلی کوردستان بەکاری دەهێنێت.
لە کۆتاییشدا جارێکی دیکە تەئکید دەکەینەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێشخەری شەڕ نابێت، بەڵام بە ئامادەیی تەواو لە حاڵەتی بەرگریدایە و ڕێگە لە دەستدرێژییەک دەگرێت.
فەرماندەیی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک – پردێ
٢١ـی١٠ـی٢٠١٧
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.