Erbil 25°C پێنجشەممە 03 تشرینی یەکەم 19:16

سووتاندن و تاڵانکردنی ماڵی کادیرو بەرپرسانی پارتی  لە کەرکووک به‌رده‌وامه‌

ماڵی چه‌ندین فەرماندە و کادیری پارتی لە كه‌ركووك سووتێنراون و تاڵان کراون
کوردستان TV
100%


سووتاندن و تاڵانکردنی ماڵی کادیر و بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بارەگاکانی پارتى لە شاری کەرکووک، لەسەر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەردەوامە و ئەو میلیشیایانە لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک، سووکایەتی بە کوردانی شارەکە دەکەن.

بەپێی زانیارییەکان، لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممەەوە تاوەکو ئێستا، هەڵمەتێکی چڕ لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەناو کەرکووک، بە چاوساغیی هەندێک لە بەرپرس و کادیرانی سەر بەو بەرپرسانەی یەکێتی کە ڕێککەوتنی ڕادەستکردنی کەرکووکیان لەگەڵ حەشدی شەعبی کردووە، دەستی پێکردووە، بۆ سووتاندن و تاڵانکردنی ماڵی کادیرانی پارتی لە کەرکووک و سووکایەتیکردن بە کوردانی شارەکە.

لەم چوارچێوەیەشدا ماڵی ئەم فەرماندە و کادیرانەی پارتی لە شارەکە سووتێنراون و تاڵان کراون:

ـ ماڵی حاجی حەمە ڕێگر لە ناوچەی فەیلەق سووتێنراوە.

ـ ماڵی نەقیب سەهام شوانی لە ناوچەی فەیلەق لەلایەن حەشدی شەعبییەوە تاڵان کراوە.

ـ ماڵی شامیل ئاغا لە گوندی (تەرجیل)ی سەر بە کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبییەوە سووتێنراوە بەبیانووی هاوکاریکردنیان بۆ ئاسایشی لەیلان.

ـ ماڵی بەختیار فاتیح لەگەڕەکی ئیمام قاسم سووتێنرا.

جگە لەو ماڵانە، محەمەد كەمال، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند: "ماڵی خۆم، عیرفان كەركووكی، ئارام ئەحمەد مامە، كارگێڕی لقی 3ی پارتی لە کەرکووک تاڵان کراون".

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.