Erbil 31°C شەممە 22 ئاب 00:06

 فراکسیۆنی پارتی: ڕێزلێنانی پاپای ڤاتیکان بۆ سەرۆک بارزانی، دانپێدانانێکی جیهانییە بە ڕۆڵی مێژوویی جەنابیان

100%

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد، بەبۆنەی پێبەخشینی نیشانی ئاستبەرزی ڕێزلێنانی پاپای ڤاتیکان بە جەنابیان.

لە ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتیدا هاتووە، کە ئەم ڕێزلێنانە باڵایەی ڤاتیکان کە لەلایەن کاردیناڵ لویس ڕۆفائیل ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان پێشکەش کرا، دانپێدانانێکی ڕوونی نێودەوڵەتییە بۆ ڕۆڵی مێژوویی و هەڵوێستە نەگۆڕەکانی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکاندا.

فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە، کە ئەم هەنگاوە نیشانەی پێزانینی جیهانە بۆ هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی لە قووڵکردنەوەی بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەهێزکردنی کولتووری تەبایی و مرۆڤدۆستی لە هەرێمی کوردستان، عێراق و تەواوی ناوچەکەدا.

لە کۆتایی پەیامەکەدا، ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دووپاتیان کردەوە، کە پەیام و ئاراستەکانی سەرۆک بارزانی بۆ چەسپاندنی برایەتی و پاراستنی مافی تەواوی پێکهاتەکان، وەک ڕێباز و هەوێنی سەرەکیی کار و خەباتی پەرلەمانیی خۆیان دەزانن و کار بۆ بەدیهێنانیان دەکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.