مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیامێکی فەرمیدا بۆ بەرپرسانی وڵاتەکەی جەختی کردەوە کە دەبێت لە کارەکانیاندا پابەندی دادپەروەری بن و خۆیان لە بەکارهێنانی دروشم بەدوور بگرن. پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکی ئێران چاوەڕوانی هەنگاوی کردەیی و باشترکردنی دۆخی ژیانیان لێ دەکەن، نەک تەنیا بەڵێن و دروشمی بێ ناوەڕۆک.
سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بەرپرسان لە هەموو ئاستەکاندا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکانی هاووڵاتییاندا بکەن و کارایی حکوومەت لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا نیشان بدەن. ئەم پەیامە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ گۆڕینی شێوازی کارکردنی دامەزراوەکان و زیادکردنی متمانەی جەماوەر بە دەسەڵات، بەتایبەت لە سایەی ئەو ئاستەنگە ئابوورییانەی کە ئێستا وڵاتەکەی تێدایە.
ئەم لێدوانانەی مەسعوود پزیشکیان لە کاتێکدایە کە ئێران بەدەست قەیرانێکی قووڵی ئابووری، دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسانەوە دەناڵێنێت. پزیشکیان کە لە هەڵبژاردنەکانی 2024دا بە بەڵێنی چاکسازی و گۆڕانکاری هاتە سەر دەسەڵات، ئێستا ڕووبەڕووی فشاری ناوخۆیی بووەتەوە بۆ ئەوەی هەنگاوی کردەیی بەرەو چاککردنی بژێوی خەڵک بنێت و ئەو بەڵێنانەی لە کاتی کەمپەینەکەیدا دابووی، جێبەجێیان بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.