Erbil 31°C ھەینی 21 ئاب 18:49

نێچیرڤان بارزانی: ڕێزلێنانی پاپا بۆ سەرۆک بارزانی پێزانینە بۆ پاراستنی پێکهاتەکان

100%

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی پێدانی نیشانی باڵای قەداسەتی پاپای ڤاتیکان بە  سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی ئاراستە کرد و ئەم هەنگاوەی وەک پێزانینێکی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆڵی ناوبراو لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە کوردستان و عێراق وەسف کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا جەختی کردەوە کە ئەم ڕێزلێنانە مایەی شانازییە بۆ تەواوی هەرێم و پێزانینە بۆ ئەو کولتووری پێکەوەژیان و لێبوردەییەی کە وەک تایبەتمەندییەکی سەرەکیی کۆمەڵگەی کوردستان دەبینرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک نیشتمانێکی ئارام بۆ هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە و پابەندی پاراستنی ئازادی و فرەیی ئایینی و نەتەوەیی دەبێت لەژێر سێبەری حکوومەت و دامەزراوە فەرمییەکاندا.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڤاتیکان لە دوای سەردانە مێژووییەکەی پاپا فرانسیس بۆ شاری هەولێر لە ساڵی 2021 گەیشتووەتە قۆناغێکی باڵا. ڤاتیکان بەردەوام ستایشی ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە لە پاراستنی مەسیحییەکان و کەمینە ئایینییەکانی تر لە کاتی هێرشەکانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، کە تێیدا هەزاران کەس پەنایان بۆ شارەکانی هەرێم برد و لەوێ نیشتەجێ کران.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆک بارزانی

به‌ بۆنەی وەرگرتنی نيشانى باڵای قەداسەتی پاپای ڤاتیکانەوه‌، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی دەکەم. بەخشینی ئەم نيشانه‌ باڵایە بە جەنابيان، پێزانینە بۆ ڕۆڵى دياريان لە پاراستنى مافه‌کانی پێکهاتەكان لە کوردستان و عێراق.

ئەم ڕێزلێنانە مایەی شانازيی هەرێمی کوردستان و پێزانينه‌‌ بۆ کولتووری پێکەوەژیان، يه‌كترقبووڵکردن و لێبوردەیی وه‌ك تایبەتمەندیی کۆمەڵگه‌ى کوردستان، هه‌روه‌ها بۆ ئەو بەها مرۆیییانەى‌ گەلەکەمان كه‌ هەمیشە پابه‌نديان و پەرۆشی پاراستنيانه‌.

هه‌ر بەو بۆنەیەوە، دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان بۆ هه‌ميشه‌ به‌ نیشتمانێکی ئارام بۆ تەواوی پێکهاتەکانی و پەرۆش بۆ پاراستنی فرەيی و ماف و ئازادییەکانی هەمووان و بۆ چەسپاندنی بەهاکانی ئاشتی، پێکەوەژیان و ڕێزگرتنی بەرامبەر، ده‌مێنێته‌وه‌.


نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/٨/٢١

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.