Erbil 15°C ھەینی 10 ئایار 00:05

مەسرور بارزانی: پێویستە جیھان رێز لە ویستی گەلی کوردستان بگرێت

مەسرور بارزانی: گەلی کوردستان مافێکی سروشتی خۆی پیادە کرد
کوردستان TV
100%

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ گرووپی گشت لایەنەکانی پەرلەمانی بەریتانیا APPG، کە بۆ چاودێریکردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھاتبوونە کوردستان کۆبوویەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27/9/2017، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەمیانەی پێشوازیکردنی لە گرووپی گشت لایەنەکانی پەرلەمانی بەریتانیا APPG، کە بەسەرۆکایەتیی جاک لۆپرێستی، بۆ چاودێریکردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھاتبوونە کوردستان، رایگەیاند: "پێویستە جیھان رێز لەو ویستەی گەلی کوردستان بگرێت، کە بەشێوەیەکی دیموکراسیانە بەھەموو جیھانی راگەیاند".

لەدیدارەکەدا، کە شاندی میوان باسیان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕیوەچوو، لە گەڕانەوەیاندا ھەموو ھەوڵی خۆیان لەناو پەرلەمان دەدەن.

لەوبارەوە لۆپرێستی، وێڕای پیرۆزباییکردن لەگەلی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان وەک بەریتانیا پشتگیری لەڕای خەڵک و مافی چارەی خۆنووسینی گەلان دەکەن و گوتی: "ئێمە زۆر بەو ریفراندۆمە خۆشحاڵ بووین".

لەلای خۆیەوە مەسرور بارزانی، باسی لە ھەنگاوەکانی دوای ریفراندۆم کرد و داوای لە شانشینی بەریتانیا و ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد رۆڵی خۆیان بگێرن و ھانی عێراق بدەن دەست بکات بە گفتوگۆ و دیالۆگی بونیادنەر لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و لە رەفتار و ھەڵسوکەوتی ئیستفزازی دوور بکەوێتەوە لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری، کە داوای ئێمە و جیھانی ئازادە و رایگەیاند: "گەلی کوردستان مافێکی سروشتی خۆی پیادە کرد، کە لە چارتەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جێگیرە".

ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا، کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گووشار لە عێراق بکات بۆئەوەی ئەم پرسە بە شێوەیەکی ئاشتییانە یەکلابێتەوە.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا دووپاتی کردەوە، کە پێویستە جیھان رێز لەو ویستەی گەلی کوردستان بگرێت، کە بەشێوەیەکی دیموکراسییانە بەھەموو جیھانی راگەیاند.

ھەر لەو دیدارەدا تیشکخرایە سەر پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە و بەردەوامیدان و درێژەدان بە یارمەتییەکانی بەریتانیا بۆ ھەرێمی کوردستان لە بوارە جیاکاندا.

 كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.