Erbil -2°C شەممە 04 کانوونی دووەم 05:22

رووسیا له‌سه‌ر ریفراندۆمى کوردستان هۆشداریی دەداتە عێراق

مۆسکۆ رێز لە ”ویستە نیشتمانییەکان“ گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی دەگرێت
کوردستان TV
100%

حکوومەتی رووسیا لەبارەی کاردانەوەکانی دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، هۆشداریی دەداتە حکوومەتی عێراق.

رۆژی چوارشەممە 27/9/2017، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، مۆسکۆ رێز لە ”ویستە نیشتمانییەکان“ گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی دەگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆشداریی داوەتە حکوومەتی عێراق لە ئەنجامدانی هەر هەنگاوێک، کە ببێتە مایەی ”تێکچوونی سەقامگیری“ی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ئەوەی گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دا.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هەردوو حکوومەت لە بەغدا و هەولێر هان دەدات بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان چەندین جار رایگەیاندووە، کە کوردستان نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێک و ئامادەیە دانوستاندن لەبارەی سەربەخۆیی لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دراوسێ بکات، بەڵام حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق زیاتر لە جارێک ئەنجامدانی گفتوگۆی لەگەڵ کوردستان رەت کردووەتەوە.

رۆژی دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، زۆرینەی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە.

 كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.