Erbil 21°C ھەینی 20 ئەیلوول 22:23

بەرپرسانی فڕۆکەخانەکانی کوردستان بەرامبەر بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هاتنە دەنگ

فڕۆکەخانەکانی کوردستان وه‌لامى ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ده‌ده‌نه‌وه‌
کوردستان TV
100%

 

لە بەرامبەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ڕادەستکردنی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق، بەرپرسانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان هاتنە دەنگ.

مەولوود باوەموراد، وەزیری گواستنەوەی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند: ”هەردوو فڕۆکەخانەی فەرمیی هەولێر و سلێمانی لەسەر بودجەی کوردستان و بە مۆڵەت و بەپێی ڕێکارەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقی و ڕێکخراوی مەدەنیی فڕۆکەوانی کراون.

لەو کاتەوە تائێستا کارەکانی هەردوو فڕۆکەخانەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چووە و هیچ سەرپێچییەک ڕووی نەداوە، سەرەڕای بوونی کەموکوڕی کە ئەگەر لەوێدا هەبووبێ، توانراوە بە باشی هەموو گەشتەکان بە سەرکەوتووانە تەواو بکەن“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئەم بڕیارە پەیوەستە بە ژیانی زۆر خەڵکەوە کە دوو دامەزراوەی مەدەنیی مرۆیین و پەیوەستە بە بەشێکی زۆری گەشتیاری نەخۆش و قوتابی و ئەوانەی لە دەرەوە دەژین، جگە لە هاتوچۆی دامەزراوە دیپلۆماسیی و سیاسییەکان و نوێنەرایەتیی وڵاتان، جگە لەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر مەکۆیەکی گەرمی جموجۆڵی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانە بۆ شەڕی دژی داعش“.

وەزیری گواستنەوە ئاماژەشی بەوە کرد: ”ئەگەر بڕیارەکە بۆ جێبەجێکردنی یاسای دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقییە، ئەوا هیچ کێشەیەکمان لەمبارەیەوە نییە و بە کەمتر لە دانیشتنێک جێبەجێ دەکرێ، بەڵام ئەگەر بڕیارەکە سزادانی گەلی کوردستان بێ لەسەر ئەوەی ڕیفراندۆمی کردبێت، ئەوا بێگومان گفتوگۆکان ناگەنە هیچ شوێنێک و ئەو جۆرە هەنگاوانە کە دەست بردنە بۆ دامەزراوەیەکی هەستیاری نێودەوڵەتی، ئەوا ئەو جۆرە بڕیارە ڕێ لە هەموو دانوستانێکی ئێمە لەگەڵ دەزگاکانی تایبەت بە فڕۆکەوانیی عێراقی دەگرێت، ئەمەش گورزێکی کوشتندەیە لە سومعە و متمانەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقی“.


لەلایەن خۆیەوە تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە پرێس کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند: ”ئەم فڕۆکەخانەیە تەنیا بۆ کورد و بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان نییە، بەڵکوو بۆ زۆر مەبەست بەکار دێت، لەکاتێکدا دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقی خۆی لە ژێرەوەی ستانداردی جیهانیدا کار دەکات و داوای چاککردنی یاساکانی لێ کراوە“. جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئەگەر ئەوان بڕیارەکەیان جێبەجێ بکەن، ئەوکاتە ئێمەش هەڵوێست و قسەی خۆمان دەبێ“.

هەر لە پرێس کۆنفرانسەکەدا تایەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، ڕۆژانە و مانگانە چەندین تیمی عێراقی دێنە فڕۆکەخانەکان و بەردەوام سوپاسی فڕۆکەخانەکانی کوردستان دەکەن، نەک کەموکوڕی بدۆزنەوە. گوتیشی: ”لە 13 ساڵی رابردوودا، لە جیاتی پشتیوانیکردنمان، ئێستا بۆ بڕیارێکی سیاسی دەیانەوێ فڕۆکەخانەکانی کوردستان بوەستێنن کە ئەمە زیانی دەبێ بۆ گەلی کوردستان و حکوومەتی عێراق خۆیشی“.

 كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.