Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 19:31

ئاشتی هەورامی: رێککەوتنەکەی رۆسنەفت خزمەت بە هەمەچەشن کردنی ئابوورییەکەمان دەکات

ئەو داهاتەی کە لەو رێگەیەوە بەدەست دێت سوود بە خەڵکی کوردستان دەگەیەنێت
کوردستان TV
100%


وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای رۆسنەفت، پەرەپێدانی کەرتی گازی سرووشتی خێراتر دەکات و گازی پێویست بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ و هەناردەکردنی دابین دەکات، ئەمەش سەرچاوەیەکی نوێی داهات درووستدەکات، بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا هاتووه‌.

حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەورە کۆمپانیای نەوتی رووسی، کۆمپانیای رۆسنەفت بریاریاندا رێککەوتنی نێوانیان لە بواری وەبەرهێناندا کە پێشتر واژووکرابوو، پەڕەپێبدەن بە چەشنێک کە دامەزراندنی بۆڕییەکی گازی سرووشتی لەخۆ بگرێت کە پێداویستییەکانی وێستگەکان و کارگەکان بە گازی سرووشتی دابین بکات و ئەوەندە گازی سرووشتی زۆر بخاتە بەردەست کە هەناردەی بازارە نێوەدەوڵەتییەکانی وەک تورکیا و یەکێتی ئەوروپا بکڕیت.

چاوەروان دەکرێت رێککەوتنەکە تا کۆتایی ئەمسال تەواوبکرێت و کۆمپانیای رۆسنەفتیش هەستێت بە دامەزراندنی بۆڕییەکە بەپێی سیستەمی BOOT ( واتا درووستکردن، خاوەندارییەتی کردن، بەکارخستن و گواستنەوە) هەروەها بەپێی بژاردنی تەعریفەی درێژخایەن

چاوەروان دەکرێت توانای بۆڕییەکە ساڵانە تا 30 ملیار مەتری سێجا بێت کە یەکسانە بە 6% ی خواستی ئەوروپا بۆ گازی سرووشتی. بۆرییەکە تا ساڵی 2019 بەمەبەستی بەکارهێنان و دابینکردنی ناوخۆ تەواو دەبێت و هەناردەکردنی گازیش لە ساڵی 2020 دەستپێدەکات.

پلانەکانی بۆڕی گازی سرووشتی بەشێکن لە زنجیرە رێککەوتنێک کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای رۆسنەفت لە شاری سان پێترێسبۆرگ لە مانگی شەشی 2017 بەمەبەستی زیادکردنی وەبەرهێنان لە ژێرخانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان واژووکران.

کۆمپانیای رۆسنەفت و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها سەرقاڵی بە کۆتایی گەیاندنی پرۆژەی بەرزکردنەوەی توانای گواستنەوەی بۆری نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانن کە نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان لە تورکیا دەکات. ئەم پرۆژەیەش هەر بەپێی تەعریفەی درێژخایەن دەکرێت.

رێککەوتنی وزەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای رۆسنەفت هاوکاری کۆمپانیای رۆسنەفت لەخۆ دەگرێت لە هەموو زنجیرەی بەرهەمهێنانی نەوت و گازدا، هەر لە قۆناخی دۆزینەوە بگرە تا قۆناخی بەرهەمهێنان و بازرگانی و لۆجستیکی نەوتەوە.

دکتۆر ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە رایگەیاند ،" رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەورە کۆمپانیای رۆسنەفت، پەرەپێدانی کەرتی گازی سرووشتی ئێمە خێراتر دەکات و گازی پێویست بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ و هەناردەکردنی دابین دەکات. ئەمەش سەرچاوەیەکی نوێی داهات درووستدەکات کە خزمەت بە هەمەچەشن کردنی ئابوورییەکەمان دەکات.

هەروەها یارمەتی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە تازە رزگاربووەکانی دەستی داعش دەدات. خالێکی گرینگی دیکە ئەوەیە ئەم بۆڕییە بەخێرایی درووستدەکرێت و ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی گواستنەوەی گاز بۆ بازاری تورکیا و یەکێتی ئەوروپا خێراتر بەرەو پێشەوە بڕوات. ئەو داهاتەی کە لەو رێگەیەوە بەدەست دێت سوود بە خەڵکی کوردستان دەگەیەنێت.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.