Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 18:41

دیندار زێباری: 2652 کەس بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیر کراون

2652 كەس بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیر كراون
کوردستان TV
100%


د. دیندار زێباری سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا 2652 کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە دەستگیر کراون و 1110 کەسیان تۆمەتەکانیان ساخ بووەتەوە.


د. دیندار زێباری لە لێدوانێکیدا رایگەیاند هەموو ئەو گومانلێکراوانەی بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە دەستگیر دەکرێن، وەک هەموو بەندکراوەکانی دیکە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و لەبەردەم یاسادا یەکسانن، ئەوانیش وەک هەموو دەستگیرکراوەکانی دیکە مافی تەواوی خۆیان لە گرتنی پارێزەر هەیە و دەتوانن بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە خۆیان بکەن.


زێباری نمونەی بەوە هێناوە كە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک 2652 کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعش دەستگیر کراون، 1110 کەسیان تۆمەتەکەیان بەسەردا ساخ بووەتەوە و سزای سێ ساڵ زیندانی تا زیندانی تاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە، بەهۆی بێتاوانیان 870 کەسیان ئازاد کراون و 672 کەسیشیان تا ئێستە لەژێر لێکۆڵینەوەدان".


هەروەها رایگەیاند ئامار و ژمارەی گومانلێکراوان لە شارێک بۆ شارێکی دیکە جیاوازی هەیە، بەپێی دواین ئامارەکان لەشاری هەولێر 675 کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعش دەستگیر کراون کە 619 کەسیان تاوانەکەیان بەسەردا ساخ بووەتەوە و سزادراون و 56 کەیسیشیان بێتاوان بوون ئازاد کراون. لە شاری سلێمانیش 35 گومانلێکراو دەستگیر کراون کە 22 کەسیان بێتاوان دەرچوون و ئازاد کران. 13 کەسیشیان هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

كوردستان تیڤی/رفعت مزروى

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.