بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی خستەڕوو و ڕایگەیاند، پێشبینیی بارانبارین و هەورەبرووسکە دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی تشرینی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم ڕایگەیاند: ئاسمان بە گشتی لە زۆربەی کاتەکاندا هەوری تەواو دەبێت. لە کاتەکانی ئێوارەوە ئەگەری چالاکبوونی هەورەبرووسکە و دابارینی بارانێکی کەم لە کات و شوێنی جیاوازدا هەیە.
هاوکات لە درەنگانی شەودا رێژەی بارانبارین زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک، ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین، لەگەڵ بەشێک لە سنووری ئیدارەی گەرمیان. پلەی گەرما 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی بەراورد بە دوێنێ نزم دەبێتەوە.
بۆ سبەی پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەم، بە پێی پێشبینیەکانی کەشناسی، سەرەتا ئاسمان هەوری تەواو دەبێت؛ لە کاتەکانی بەیانی تاوەکو نیوەڕۆ کاریگەریی بارانبارین و هەورەبرووسکە لەسەر ئەم ناوچانە بەردەوام دەبێت: (ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی، بەشێک لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای هەولێر، ئیدارەی ڕاپەڕین، بەشێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ ناوچەی جیاوازی ئیدارەی گەرمیان).
کەشناسیی هەرێم ڕاشیگەیان: لە دوای نیوەڕۆوە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممەوە کەشوهەوا بەرەو جێگیربوون دەچێت و ئاسمان دەگۆڕێت بۆ پەڵەهەور و نیمچەهەور. هەروەها پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی بە پلەی سیلیزی:-
| شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان | چوارشەممە | پێنجشەممە |
| هەولێر | 27 | 28 |
| سلێمانی | 27 | 27 |
| دهۆک | 27 | 28 |
| هەڵەبجە | 26 | 27 |
| چەمچەماڵ | 28 | 28 |
| زاخۆ | 27 | 28 |
| گەرمیان | 31 | 31 |
| ئاکرێ | 28 | 29 |
| حاجی ئۆمەران | 20 | 20 |
| پیرمام | 25 | 26 |
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.