سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ڕووداوێکی مەترسیدار و کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورەی لە بنکەی سەربازیی "وەینڕایت" لە پارێزگای ئەلبێرتا ڕاگەیاند، هاوکات وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەش گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک کەسی پشتڕاست کردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند: ڕووداوێکی مەترسیدار لە بنکەی هێزەکانی کەنەدا لە "وەینڕایت" ڕوویداوە، کە دەکەوێتە دووریی نزیکەی 210 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری ئێدمۆنتۆن لە باکووری پارێزگای ئەلبێرتا و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە ناو بنکەکەدا.
لای خۆشییەوە، دەیڤید ماکگینتی، وەزیری بەرگریی کەنەدا پشتڕاستی کردەوە، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا لە ناو بنکە سەربازییەکە ژمارەیەک کەس گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون، بێ ئەوەی ئاماری وردی قوربانییەکان یان هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکە ئاشکرا بکات، هاوکات ناوبراو دۆخەکەی بە زۆر هەستیار وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا، پۆلیسی سوارەی شاهانەی کەنەدا بەشداری لە لێکۆڵینەوەکاندا دەکات.
وەزیری بەرگری ئەوەشی خستە ڕوو، هێزە چەکدارەکانی کەنەدا لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵی، هەرێمی و خۆجێییەکان سەرقاڵی هەماهەنگیکردنی هەوڵەکانی فریاگوزارین، هەروەها شارۆچکەی "وەینڕایت"ـی نزیک لە بنکەکە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەکان و ناردنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەوە پاڵپشتی پێشکەش دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، شارەوانیی "وەینڕایت" ڕایگەیاند، ئاگرەکە لە سنووری پەرژینی بنکە سەربازییەکە پەڕیوەتەوە و بەهۆی بای بەهێزەوە بە خێرایی تەشەنە دەسێنێت، هاوکات تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە چەندین لایەنی جیاوازەوە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە دەرنەچووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.