دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە هاوپەیمانەکانی ڕاگرتووە تا ئەو کاتەی پرۆسەی پڕکردنەوەی یەدەگی چەکی وڵاتەکەی تەواو دەکەن. ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە لە ئێستادا ئەمەریکا پێویستی بەو تەقەمەنییانەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی خۆی.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "Newsmax" ئاماژەی بەوە کرد: لە ماوەی ڕابردوودا دەستمان بە هەڵگرتنی تەقەمەنییەکان بۆ خۆمان کردووە، چونکە پێویستمان پێیەتی. کاتێک کۆگاکانمان بەتەواوی پڕ کردەوە، ئەوکات دەست بە فرۆشتنەوەی چەک بە هاوپەیمانان دەکەین.
دۆناڵد ترەمپ، جۆ بایدنی سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی بە هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیە تۆمەتبار کرد و گوتی: ئەوەی بایدن لەگەڵ ئۆکراینادا کردی و بڕێکی زۆر چەکی بەخۆڕایی بۆ نارد، بووە هۆی ئەم دۆخە.
لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، ترەمپ دان بەوەدا نا کە یەدەگی ژمارەیەک لە چەک و تەقەمەنییەکان لە کۆگاکانی وەزارەتی جەنگی (پنتاگۆن) کەمی کردووە، ئەوەش بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی دژی ئێران ئەنجام دراون. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیدارەکەی ئێستا کار بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەمبوونەوەیە و زیادکردنی بەرهەمهێنانی چەک دەکات.
شایەنی باسە، ترەمپ لە کانوونی دووەمی ڕابردوو داوای کردبوو خەرجییەکانی بەرگریی ئەمەریکا بە ڕێژەی زیاتر لە 50% بەرز بکرێتەوە بۆ 1.5 تریلیۆن دۆلار لە ساڵی 2027، ئەوەش لە کاتێکدا دێت کە کۆنگرێس لە کانوونی یەکەمی ڕابردوو ميزانییەکی پێوانەیی بە قەبارەی 901 ملیار دۆلار بۆ بواری بەرگری پەسەند کردبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.